بڕیارە ئەمڕۆ جارێكی تر وەفدێكی باڵای ئێران، بەسەرۆكایەتی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئیسلام ئاباد بكات.
میدیای ئێران ئاشكرای كردووە، بڕیار بوو دوێنی عەباس عێراقچی دوای ئەوەی لە پاكستانەوە چووە عومان بەرەو روسیا بەرێكەوێت، بەڵام ئەمڕۆ دووبارە دەچێتەوە پاكستان، ئامانجی سەردانەكەش ئەوەیە بۆچوونی ئێران لەبارەی هەرجۆرە لێكگەیشتنێك بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و بەدیهێنانی ئاشتی بە بەرپرسانی پاكستان بگەیەنێت.
ئەم سەردانە لە كاتێكدایە دوێنی شاندێكی باڵای ئێران لە ئیسلام ئاباد بوون، بەئامانجی كۆبوونەوەو دانوستاندن لەگەڵ وەفدی ئەمریكی، بەڵام هیچ كۆبوونەوەیەك لەگەڵ ئەمریكییەكان ئەنجامنەدرا، بەهۆی ئەوەی ترەمپ سەردانی وەفدەكەی ئەمریكای بۆ پاكستان هەڵوەشاندەوەو وتی، هەڵوێستی ئێرانیەكان سەبارەت بەگفتووگۆو دانوستان وایكرد سەردانی وەفدەكە بۆ پاكستان هەڵوەشێنمەوە.
دواتریش ترەمپ لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی ئەكسیۆس بە سەرسوڕمانەوە وتی، هەر كە سەردانەكەم هەڵوەشاندەوە، لەماوەی 10 دەقیقەدا پێشنیارێكی نوێمان لەلایەن ئێرانەوە پێگەیشت كە زۆر باشتر بوو.
بەوتەی شارەزایان ئەم هەڵوێستەی ترەمپ خەریكە هیواكان بۆ ئاشتی كاڵدەكاتەوە.
لەلایەكی ترەوە، مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆكوەزیرانی پاكستان تەئكیدی لە پێویستی گەیشتن بەدیدگایەكی هاوبەش و دابینكردنی ژینگەیەكی گونجاو بۆ دیالۆگی كاریگەر كردووەتەوە وەك مەرجێكی سەرەكی بۆ هەر پێشكەوتنێك.
پزیشكیان ئاماژەی بەوەشكردووە، گەمارۆكانی ئەمریكا، رێگرن لەبەردەم دروستكردنی متمانە، ناكرێت باس لەدیالۆگ بكرێت لەكاتێكدا فشارو گەمارۆكان لەهەڵكشاندان.