قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە میانی بەشدارییكردنی لە كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی دێڵفی لە وڵاتی یۆنان رایگەیاند، هەرێمی كوردستان نایەوێت ببێتە بەشێك لە جەنگی نێوان ئەمریكا و ئیسرائیل بەرامبەر بە ئێران، راشیگەیاند، جەنگەكە لە رووی ئابووری، ئەمنی و دەروونییەوە كاریگەریی نەرێنی لەسەر هەرێم هەبووە، بۆیە هەموو هەوڵێكیان بۆ پاراستنی سەقامگیریی كوردستانە و دەیانەوێت وەك پردێك بن بۆ كۆتاییهێنان بەو جەنگە، قوباد تاڵەبانی تەئكیدی لە پێشوازیی هەرێم لە رێككەوتنی ئاگربەست كردەوە و هیوای خواست ئاگربەستەكە بەردەوام بێت و وەك هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە روی ستراتیجیشەوە، كورد لە رابردوودا وەك كێشە سەیری كورد كراوە و ئەمڕۆ كورد ئەو قۆناغەی تێپەراندووە و ئێستا وەك پردێكن، كە پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان توركیا و پەكەكەدا دەكەن، لە توركیا و لە سوریا هەوڵدەدەن مافەكانی كورد پارێزراوبێت و لە رۆژهەڵاتیش تەواوی هەوڵیان بۆ ئەوەیە كورد زیانیان پێنەگات.
لە رووی گەشەپێدانی ناوخۆیی هەرێم، قوباد تاڵەبانی وتی، حكومەتی هەرێم پلانی هەیە گەشەپێدان لە شارە گەورەكانەوە كە لە ئێستا لە ئاستێكی باشدایە بگوازێتەوە بۆ گوند و ناوچە دوورەدەستەكان، چونكە ئەو شوێنانە سەرچاوەی سەرەكیی كەرتی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارین. قوباد تاڵەبانی تەئكیدی لەوەكردەوە، بۆ ئایندە دەڕوانن و دەیانەوێت دوربكەونەوە لە پشت بەستن بە نەوت و هەوڵدەدەن بەكاربهێنن بۆ نوێكردنەوەی كەرتەكانی تر وەك كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی.