وەزارەتی دادی ئەمریکا هەنگاوە یاساییەکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆشکێکی قەبە و گرانبەها لە ناوچەی (بێڤەرلی هیڵز) دەستپێکرد، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ مەنسور مەسعود بارزانی دەگەڕێتەوە. سکاڵاکە لەسەر بنەمای تێوەگلان لە دۆسیەی "بەرتیل، فێڵکردن لە سوپای ئەمریکا و سپیکردنەوەی پارە" تۆمار کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ناو سکاڵا یاساییەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، لە نێوان ساڵانی2016 بۆ 2020، کۆمپانیایەکی بەڵێندەری ئەمریکی کە بەرپرس بووە لە دابینکردنی سووتەمەنی فڕۆکە بۆ سوپای وڵاتەکەی لە فڕۆکەخانەی هەولێر، ڕێککەوتنێکی ژێربەژێری لەگەڵ مەنسور مەسعود بارزانیدا کردووە.
لەو ڕێککەوتنەدا هاتووە: بۆ هەر لیترێک سووتەمەنی، بڕی (0.25 دۆلار) وەک بەرتیل دراوە بە مەنسور بارزانی، لە بەرامبەردا، مەنسور بارزانی دەسەڵاتی خۆی بەکارهێناوە بۆ دوورخستنەوەی کۆمپانیا ڕکابەرەکان و قۆرخکردنی بازاڕەکە بۆ ئەو کۆمپانیایە.
لەو ماوەیەدا کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە شەڕێکی سەختدا بوون دژی تیـ.ـرۆریستانی داعـ.ـش، ئەو کۆمپانیایە بەهۆی ئەو پاڵپشتییە گوماناوییەوە، زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلاری لە ئاژانسی لۆجستیی بەرگریی ئەمریکا (DLA) وەرگرتووە. سکاڵاکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاژانسە ئەمریکییەکە ناچار کراوە سووتەمەنییەکە بە نرخێکی زۆر گرانتر بکڕێت، چونکە ڕێگری لە کۆمپانیاکانی تر کراوە بچنە ناو فڕۆکەخانەی هەولێرەوە.
وەزارەتی دادی ئەمریکا پەردەی لەسەر شێوازی شاردنەوەی پارەکان لاداوە و ڕایگەیاندووە، پارەکان گواستراونەتەوە بۆ هەژمارێکی دارایی بەناوی (NYJD Trust No.1) لە ویلایەتی ڤێرجینیا کە بۆ مەنسور بارزانی دروستکراوە.
لە ساڵی 2018 دا، بڕی 30 ملیۆن دۆلار لەو پارە گوماناوییە بۆ کڕینی کۆشکێکی شاهانە لە ناوچەی (بێڤەرلی هیڵز) و نۆژەنکردنەوەی بەکارهێنراوە، ئەم کارە بەپێی یاساکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە تاوانی "سپیکردنەوەی پارە" ئەژمار دەکرێت.
ئەم دۆسیە گەورەیە لەلایەن بەهێزترین دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکاوە، لەوانە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، دەزگای لێکۆڵینەوەی تاوانکاریی بەرگری و بەشی باجی نێودەوڵەتی (IRS) لێکۆڵینەوەی وردی تێدا کراوە.
ئامانجی ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، بڕینی سەرچاوە داراییەکانی ئەو بەرپرسانەیە کە گەندەڵی دەکەن و سیستەمی دارایی ئەمریکا بۆ سپیکردنەوەی سامانی نایاسایی و دزراوی گەلەکانیان بەکاردەهێنن.