دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئامانجی دوای ئێرانی ئاشكراكردو رایگەیاند،دوای چارەسەركردنی كێشەی تاران ،رەنگە روو لە كوبا بكەن.
ترەمپ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: زۆرێك لە ئەمریكییە كوباییەكان بە توندی مامەڵەی خراپیان لەگەڵ كراوە، ژمارەیەك لە كەسوكارەكانیان كوژراون یان لێیان دراوە.ئاماژەی بەوەشكرد، كوبا دەوڵەتێكی شكستخواردوو و داڕماوە و دوورگەی كاریبی بۆ دەیان ساڵە بە خراپی بەڕێوەدەبرێت.
لای خۆشییەوە میگێل دیاز كانێل سەرۆكی كوبا، هۆشداری داوەتە واشنتۆن لە تێوەگلان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی كە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ناكۆكی نێوان هەردوو وڵات و كوبا نایەوێت بچێتە شەڕەوە.
ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی لەدژی كوبا كردووە، هەروەها بە ئاشكرا باسی ئەگەری دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوورگەی كاریبی كردووە.