هێرشی درۆنی كرایە سەر سنووری سورداش لە سلێمانی و كۆیە و سۆران لە هەولێر. لە سنووری سلێمانی هێرشەكە سنووری سورداشی گرتەوە، سێ بریندار هەیە و زیانی ماددی زۆری بەدواوە بووە، لە كۆیە و سۆرانیش زیانەكان ئاشكرا نەكراون.
ئەم هێرشە درۆنییانە لەكاتێكدایە ئاگربەست لە نێوان ئەمریكا و ئێران بۆ 14 ڕۆژ ڕاگەیەندراوە و ئەمڕۆ شەش ڕۆژە بەردەوامە، ئەمە یەكەم هێرشی درۆنییە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست كە بكرێتە سەر ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.
بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی هێرشەكەی سوورداشەوە، سێ كەس برینداربوون و برینی یەكێكیان سەختە. هەر دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دوای هێرشەكەی سوورداش بە درۆن هێرشكراوەتە سەر كەمپی ئازادی لە كۆیە، تاوەكو ئێستا زیانەكان نەزانراون.
دوو درۆنی بۆمبڕێژكراویش كە ئاراستەی پارێزگای هەولێر كرابوون لە ئاسمان لەلایەن فڕۆكەی جەنگییەوە لە سنووری خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر تێكشكێندراون و خراونەتەخوارەوە.
ئەمە لە كاتێكدایە، لە ماوەی جەنگی نێوان ئەمریكا-ئیسرائیل و ئێران، گرووپەكانی بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق، بە درۆن و مووشەك بەردەوام بۆردومانی شارەكان هەرێمی كوردستانیان دەكرد.