زامە قووڵەکانمان هەمیشە هانمان دەدەن بە وەفادارییەوە، خزمەتی خەڵک و خاکەکەمان بکەین. تاوان و مەرامەکان بۆ سڕینەوەی گەلەکەمان بەشێکن لە مێژوویەکی تاڵ، بەڵام ورەیەکە بۆ مانەوە و بەهێزیی ئیرادەی نەتەوەیی و کوردبوونمان کە قەت هیچ هێزێک نەیتوانیوە لەناوی بەرێت.
تاوان و کارەساتی ئەنفال کە جینۆسایدکردنی گەلەکەمان بوو، برینێکی گەورەی سەر دڵمانە، ئازارێکە بۆ هەمیشە لەبەردەمیدا رادەوەستین و دەست لەسەر سنگ یادی لەدەستدانی ئازیزانمان دەکەینەوە.
لەم ڕۆژەدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە لە خەمی قووڵی کەسوکاری سەربەرزی ئەنفالکراوان تێدەگەین و هەوڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کە خەم و ئازارەکان بگۆڕێت بۆ هیوا و بونیادنانی ژیانێکی نوێ کە ئەمەش بە برایەتی و پێکەوەییمان دەبێت تاوەکو پێکەوە کاربکەین و هەنگاوبنێین بۆ خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان