قوباد تاڵەبانی: رێککەوتنێکی نوێ بۆ ئیمزا كرا

کوردستان 05:06 PM - 2026/03/31

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکییەکانی بەردەم گەنجانی هەرێمی کوردستان، کە بریتییە لە ناهەماهەنگیی نێوان زانکۆ و پەیمانگاکان لەگەڵ بازاڕی کاردا، بەرەو چارەسەربوون دەچێت.

جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان نەبوونی هەماهەنگییە لەنێوان زانکۆ و پەیمانگاکان و بازاڕی کاردا. بەهۆی ئەم ناهەماهەنگییەوە کۆمپانیاکان و خاوەنکارەکانی کەرتی تایبەت بە ئاسانی هێزی کاری شارەزای ناوخۆییان دەست ناکەوێت و ناچارن پشت بەهێزی کاری بیانی ببەستن.

وەک باسی لێوە کردووە، ئەمەش وایکردووە گەنجان و خوێندکارەکانیشمان هەمیشە نیگەران بن کە لە دوای تەواوکردنی خوێندن هەلی کاریان دەست نەکەوێت. جەختی لەوە کردەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە کار دەکەین بۆ دروستکردنی ئەم هەماهەنگییە.

جێگری سەرۆک وەزیران وتیشی، سوپاسی رێکخراوی MEEDی دەکەم کە هاوکارمان بووە و رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی تێگەیشتن لە نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەتدا و لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەشدا ئەمڕۆ زانکۆکان و پەیمانگاکان و نوێنەرانی کۆمپانیاکان لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتن کە لەمەودوا زانکۆ و پەیمانگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، هێزی کاری شارەزا و راهێنراو بۆ کەرتی تایبەت ئامادە دەکەن و بەمەش هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجەکانمان دەستەبەر دەبێت و کۆمپانیاکانیش ناچار نابن پشت بە هێزی کاری بیانی ببەستن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو