وەفدی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەم پارتی كەبەوەفدی ئیمراڵی ناسراوە دوای ئەوەی رۆژی هەینی لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانی پەكەكە كۆبوونەوە، لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە: رێبەری زیندانی پەكەكە لەو دیدارەدا رایگەیاندووە: كە نابێت دەرفەتە مێژووییەكان لەدەستبدەن وپێویستە چارەسەر لەسەر بنەمای دانوستاندن، ویستی دیموكراسی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی بێ.
هاوكات وەفدەكە لەزاری ئۆجەلانەوە ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەو هەنگاوانەی دوای راپۆرتی كۆمیسیۆن دەنرێن، زۆر گرنگە بەبێ دواكەوتن بخرێنە چوارچێوەیەكی یاسایی گشتگیرەوە.
لەراگەیەندراوەكە وەفدی ئیمراڵیدا هاتووە، كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە وەفدەكەی ووتوە، كۆمەڵگەی دیموكراسی زامنی داهاتووە بۆ هەموو گەلان و پێكهاتەكانی نیشتەجێی توركیا و ئاماژەی بەوەدا، هەركەسێك بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ پرۆسەكەدا بكات، نەك تەنیا ئەمڕۆ، بەڵكو داهاتووی هاوبەشیش بەدەست دەهێنێت.
رێبەرە زیندانییەكی پارتی كرێكارانی كوردستان باسی لەوەشكردووە، پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بایەخی پرۆسەكەیان زیاد كردووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی پەیوەندیدار بە ئێران هاتووەتە پێشەوە، ووتوشیەتی، لە ناوچەكەدا سێ هێڵی جیاواز دەركەوتوون كە ئەوانیش تەوەرەی ئەمریكا وئیسرائیل و هێزە نێودەوڵەتییەكانی پارێزەری دۆخی ئێستا و رێگەی سێیەمیش پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراسییە.
ئۆجەلان راشیگەیاندووە، وەك لە بانگەوازی 27ـی شوباتیشدا ئاماژەی پێداوە، سەردەمی خەباتی چەكداری كۆتاییهاتووە و چی دیكە گەڕانەوە بۆ دواوە ئەستەمە و تەئكیدی لەوە كردوەتەوە كە پرۆسەكە گواستنەوەیە بۆ ئاشتی لەگەڵ كۆماری دیموكراسیدا.
هاوكات ووتوشیەتی ،كە هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كۆماری توركیادا نییە و پرسی سەرەكی كەموكوڕییە لە دیموكراسییدا ودیموكراسی تاكە چارەسەرە كە بەهێزبوونی كۆمارەكە مسۆگەر دەكات.
ئۆجەلان تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە،كەنابێت دەوڵەتی توركیا پرسی كوردو دان نان بەمافەكانی گەلی كورددا وەك هەڕەشەی ئەمنی ببینێت بۆسەرخۆی.