وەزارەتی دەرەوەی پاكستان دەڵێت، وەزیرانی دەرەوەی سعودیە، توركیا و میسر رۆژانی یەكشەممەو دووشەممە سەردانی ئیسلام ئاباد دەكەنو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پاكستان كۆدەبنەوە، واتە كۆبوونەوەیەكی چوارقۆڵی ڕێكدەخەن لە چوارچێوەی هەوڵە دیبلۆماسییەكان بۆ گەیشتن بە یەكلاییكردنەوەی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزارەتی دەرەوەی پاكستان دەشڵێت، وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە لە رۆژانی 29 و 30ی ئەم مانگە لە ئیسلام ئاباد كۆدەبنەوە، بەئامانجی ئەنجامدانی گفتوگۆیەكی قووڵ لەسەر كۆمەڵێك پرس، لەوانە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پێشتر شێهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان پێشنیاری كردبوو، میوانداری دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران بكات، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگو گرژییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەم پێشنیارە لەكاتێكدایە كە بانگەوازە نێودەوڵەتییەكان بۆ زیندووكردنەوەی رێڕەوی دیبلۆماسی لە زیادبووندایە، بەڵام ترسی فراوانبوونی ململانێكان و كاردانەوەكانی لەسەر ئاسایشی ناوچەكە لە ئارادایە و تا ئێستا هیچ لێدوانێكی رەسمیش لەلایەن واشنتۆن یان تارانەوە سەبارەت بە دەستپێشخەرییەكەی پاكستان نەدراوە.