لە 28-ی شوباتەوە بۆ ئەمڕۆ، هەرێمی كوردستان بە 462 درۆن و مووشەك هێرشی كراوەتەسەر و لەئەنجامدا 14 كەس گیانیان لەدەستداوە، بەپێی بەدواداچوونەكان زۆرینەی هێرشەكان بۆ سەر هەولێر و دەوروبەری بوون كە زیاتر لە 355 درۆن و مووشەك بوون،
دواتر سلێمانی بە زیاتر لە 90 درۆن و مووشەك، دواتر دهۆك بە نۆ درۆن و لەپارێزگای هەڵەبجەش دوو درۆن، ئامارەكان دەریدەخەن بەراورد بە چەند هەفتەی پێشتر، لە سێ رۆژی رابردوودا هێرشە مووشەكی و درۆنییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان كەم بوونەتەوە، نوێترین هێرشەكان نزیكەی سەعات 11:30 ی نیوەڕۆ دوو درۆن لەدهۆك كەوتنە خوارەوە، یەكێك لەدرۆنەكان لەنزیك بەنداوی دهۆك و درۆنێكی تریان لەگەڕەكی شێلێی شارەكە بوو، هەر ئەمڕۆ نزیكەی سەعات 10:30ی بەیانی، بە درۆنێك هێرش كرایە سەر هەولێرو لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە لە ئاسمان تێكشكێندرا و خرایەخوارەوە، شەوی رابردووش نزیكەی سەعات 12ی شەو، دوو مووشەك لەنێوان گوندەكانی جافرەكا و قەمەریان لەسنووری قەزای خەلیفان كەوتنە خوارەوە.
ئاماری هێرشەكان بەمجۆرە بوون، لە 28ی شوبات تاوەكو 28 ئادار، 358 درۆن و مووشەك ئاڕاستەی پارێزگای هەولێر كراون، 93 درۆن و مووشەك ئاڕاستەی پارێزگای سلێمانی كراون، هەروەها نۆ درۆن ئاڕاستەی پارێزگای دهۆك و دوو درۆنیش لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە كەوتوونەتە خوارەوە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 14 كەس گیانیان لەدەستداوە و 85 كەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، شەشیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەك بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەكێكیان كارمەندێكی ئاسایش بوو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو ، هەروەها 12-ی ئادار سەربازێكی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بەپێی بەدواداچوونەكان ئەو ناوچانەی بۆردوومان كراون بریتین لەپارێزگای هەولێر، سپیلك، مەلا قەرە، كارێزان، كەمپی زەوی سپی، كەمپی جەژنیكان، كانی قرژاڵە، دریم سیتی، كەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، كوردستان، نەورۆز، گوندی كۆری، گەزنە، بەحركە، عەنكاوە، خەلیفان، فڕۆكەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، كەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەكەكانی پێشمەرگە.
لەپارێزگای سلێمانی سلێمانیش، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەكی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، فەرماندەیی هێزەكانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەكی تاسڵوجە، چیای زمناكۆ و بارەگای یەكەكانی پێشمەرگە.
لە پارێزگای دهۆك، نزیك بەنداوی دهۆك، گەڕەكی شێلێ، كێڵگەی نەوتی سەرسنگ، كەمپی باجد كەنداڵ، سنووری ئاكرێ و سنووری بەردەڕەش، هەروەها پارێزگای هەڵەبجە چیای شنروێ.