هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، پەرلەمان بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار هەڵدەگرێت. هاوكات 220 پەرلەمانتاریش ئیمزایان كۆكردووەتەوە و داوا دەكەن رۆژی دووشەممەی داهاتوو دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بكرێت.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس نووسیویەتی، دواخستنی هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار چیتر قبووڵكراو نییە، چونكە كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی دەوڵەتو كاركردنی دامەزراوەكان هەیە. دەشڵێت، كاتێكی پێویست بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و هەڵبژاردنی كەسایەتییەكی گونجاو دراوە، بەڵام بەردەوامیی ئەم دواكەوتنە لە سنووری خۆی دەرچووە، بۆیە پەرلەمان بەرپرسیارێتیی دەستووریی خۆی دەگرێتە ئەستۆ و بەرەو جێبەجێكردنی ئەم شایستەیە هەنگاو دەنێت.
لە لایەكی ترەوە، 220 پەرلەمانتاری عیراق لە داواكارییەكی رەسمیدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانیان كردووە، داوایان كردووە رۆژی دووشەممە 30ی ئەم مانگە، تەرخان بكرێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار.پەرلەمانتارەكان تەئكیدیان كردووەتەوە، بەردەوامیی ئەم دۆخە بە واتای پەكخستنی رێڕەوی دەستووری دێت و كاریگەریی نەرێنی لەسەر دەسەڵاتەكان دەبێت، بۆیە پێویستە ئەم پرسە بەپەلە یەكلا بكرێتەوە تا متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەكانی دەوڵەت بەهێزتر بێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زیاتر لە جارێك داوای ئامادەبوونی دانیشتنێكی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری كردووە كە پشكی كوردە و لەنێو كوردیش پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بەڵام هیچ كام لەو دانیشتنانە بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی سەركەوتوو نەبوون، كە پێویستی بە ئامادەبونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنەكە هەیە واتە 329 پەرلەمانتار.
هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار هەنگاوێكی یەكلاكەرەوەیە لە پرۆسەی سیاسیدا، چونكە سەرۆكی هەڵبژێردراو كاندیدی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت لە ماوەیەكی دیاریكراودا.