ئانوتین تچارنڤیراكوڵ سەرۆك وەزیرانی تایلەند رایگەیاند، لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە رێككەوتنێك كە رێگە بە كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی بدات بە گەرووی ستراتیژی هورمزدا تێپەڕن، كە تاران لە سەرەتای جەنگەوە بە شێوەیەكی كاریگەر دایخستووە.
سەرۆك وەزیرانی تایلەند لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، ئێستا رێككەوتنێك كراوە كە رێگە بە كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی تایلەند دەدات بە سەلامەتی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن. ئەم رێككەوتنەش یارمەتی كەمكردنەوەی نیگەرانییەكان دەدات سەبارەت بە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ تایلەند.
ئەم رێككەوتنە لە كاتێكدایە رۆژی هەینی، چەند گرتە ڤیدیۆییەك بڵاوبوەوە كە تێیدا كەشتیەكی گەورە كە ئاڵای تایلەندی هەڵكردبوو بەهۆی نەبوونی مۆڵەت بۆ تێپەڕبوون، لە گەرووی هورمز كرایە ئامانجو لە دوورگەی قشم لەنگەری گرت.