تادێت ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوانتر دەبێت

عیراق 03:06 PM - 2026/03/28

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ چوونە ناو 29یەمین رۆژی ئۆپراسیۆنی ئەمریكا‌و ئیسرائیل دژی ئێران، جگە لە ئیسرائیل چوار وڵاتی كەنداو رووبەڕووی هێرشی مووشەكی و درۆنی بوونەوە‌و لە بەحرەین ئاگر لە دامەزراوەیەك كەوتەوە. 

هاوشێوەی رۆژانی رابردووش هێرشێكی چڕكرایەسەر چەند ناوچەیەكی تاران و  زانكۆی زانست و پیشەسازیی شارەكەش، لەناو ئەو شوێنانەدابوو كە بۆردوومان كرا.

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاویكردەوە، تیمەكانی بەرگریی شارستانیی توانیویانە ئاگرێك لە یەكێك لە دامەزراوەكان كۆنترۆڵ بكەن كە بەهۆی هێرشەكانی  ئێرانەوە كەوتبووەوە، هەر ئەمڕۆش زەنگی ئاگاداركردنەوە سێ جار لە سەرانسەری ئەو وڵاتە لێدراوە و داوا لە هاووڵاتییان كراوە بچنە شوێنە ئارامەكان.

جەدەعان فازڵ وتەبێژی پاسەوانی نیشتمانی كوەیت رایگەیاندووە، لە 24 سەعاتی رابردوودا توانیویانە شەش درۆن لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات بخەنە خوارەوە. هاوكات وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاماژەی بەوەكردووە، مووشەكێكی بالیستییان تێكشكاندووە كە ئاراستەی ریازی پایتەخت كرابوو. وەزارەتی بەرگریی ئیماراتیش رایگەیاندووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆكە جەنگییەكان بەرپەرچی هێرشی مووشەكی و درۆنییان داوەتەوە كە لە ئێرانەوە ئاراستە كرابوون. 

هاوكات ئەمڕۆ بۆ تارانیش جیاواز نەبوو، هاوشێوەی رۆژانی رابردوو ، هێرشێكی چڕ كرایەسەر چەند ناوچەیەكی شارەكە لەوانە، نۆبۆنیاد، ئەقدەسییە، شەقامی دەوڵەت، شەهرەكی غەرب، ئێكباتان، رۆژهەڵاتی شارەكە و چەند ناوچەیەكی تر بە چڕی بۆردوومانكران، بەپێی زانیارییەكان، زانكۆی زانست و پیشەسازیی تاران، زانكۆی ئەكیر كەبیر لەناو ئەو شوێنانەدایە كە بۆردوومان كراوە.

 میدیاكانی ئێرانیش بڵاویانكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل ناوچەی پیشەسازی بوشەهر  بەچڕی بۆردومان كراوە، دوێنێش كارگەی بەرهەمهێنانی پۆڵای خوزستان‌و ئەسفەهان لەلایەن ئیسرائیلەوە كراونەتە ئامانج، كە دوو گەورەترین كارگەی پۆڵا بوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبەرامبەریشدا ئێران هۆشداری دا لەوەی، شەش كارگەی گەورەی پۆڵا لە ئیسرائیل و سعودیە و قەتەڕ و كوەیت و بەحرەین و ئیمارات بۆردومان دەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو