سبەینێ پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە، لە ناوەندەكانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە خوێندكار سەرپشك كراوە كە بەشێوەی ئامادە بچێتەوە بۆ خوێندنگە یاخود بەشێوەی ئۆنلاین بخوێنێت، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، خوێندنی ئۆنلاین زیانێكی گەورە بە پرۆسەی خوێندن دەگەیەنێت و لەم دۆخەدا لەگەڵ خوێندنی ئۆنلاین نین.
ئەنجومەنی وزاری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیو وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەو بڕیاریاندا، رۆژی یەكشەممە 29ی ئاداری 2026 دەوام لە تەواوی ناوەندەكانی خوێندن دەستپێبكاتەوە.
وەزارەتی پەروەردەش لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئاسانكاریی زۆریان بۆ ئەو دایك و باوكانە كردووە، كە نایانەوێت بەهۆی بارودۆخەكەوە منداڵەكانیان بنێرنە ناو خوێندنگا و، خوێندنی ئۆنڵاینی كردووەتە ئارەزوومەندانە، هەر بەخێوكەرێك نەیەوێت منداڵەكەی بنێرێتە ناو پۆل، غیابی بۆ هەژمار ناكرێت. ئەم خوێندكارانە دەتوانن لە ڕێگەی ئۆنلاین و پلاتفۆرمە ئەلیكترۆنییەكانەوە درێژە بە خوێندن بدەن.
تەنیا مەرج ئەوەیە كە بەخێوكەرەكە فۆرمێكی تایبەت لە خوێندنگاكە پڕ بكاتەوە و خوێندكارەكەش تەنیا لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا بە جەستەیی ئامادە بێت. وەزارەتی پەروەردە خوێندنگا نێودەوڵەتییەكانیشی پابەند كردووە كە دەبێت خوێندنی ئۆنلاین بۆ ئەو خوێندكارانە دابین بكەن كە نایانەوێت بێنە ناو پۆل.
بەڵام بۆ خویندكارانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی، ساڵنامەی خوێندن بۆ تاقیكردنەوەی نیشتمانی و وەزارییەكان هەموار دەكرێتەوە. ئەمەش بۆ ئەوەیە خوێندكاران كاتی پێویستیان هەبێت و بەهۆی پچڕانی دەوامەوە زیانمەند نەبن.
هاوكات وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاندوە، ئەمڕۆ شەممە دەرگای بەشە ناوخۆییەكان دەكرێتەوە بۆ پێشوازیكردن لە خوێندكاران، ڕۆژی یەكشەممەش پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەكانی خوێندنی زانكۆو پەیمانگا حكومیو تایبەتەكان دەستپێدەكاتەوەو بەشێوەی ئۆنلاین نابێت، چونكە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێیوایە، خوێندنی ئۆنلاین زیانێكی گەورە بە پرۆسەی خوێندن دەگەیەنێتو لەم دۆخەدا ئەوان لەگەڵ خوێندنی ئۆنلاین نین لە زانكۆو پەیمانگاكان، ئۆنلاین دوایین بژاردەی ناچاری دەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشداوە، زانكۆو پەیمانگاكان ڕاسپێردراون گرنگی زیاتر بە وانە پراكتیكییەكان بدرێت، لە ئێستاشدا هیچ بڕیارێكیان نییە بۆ درێژكردنەوەی ساڵنامەی خوێندن.