لیژنەیەكی باڵای هەماهەنگی لەنێوان عیراق و ئەمریكا پێكدەهێندرێت

عیراق 12:11 PM - 2026/03/28

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و لەدوای ساڵانێكی زۆر لە دۆستایەتی و هاریكاریی ستراتیژیی هاوبەش لە بوارەكانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا كە بە هەوڵە هاوبەشەكان بۆ تێكشكاندنی داعش گەیشتە لوتكە، بڕیاردرا لیژنەی باڵای هەماهەنگیی هاوبەش  لەنێوان ئەمریكا و عیراق پێكبهێنرێت.

ڕۆژی 26ی ئاداری 2026، لە یەكەمین كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگیی هاوبەشدا، هەردوو لایەنی عیراقی و ئەمریكی بڕیاریاندا هاریكارییەكان چڕتر بكەنەوە بۆ ڕێگریكردن لە هێرشە تیرۆریستییەكان و دڵنیاییاندا لەوەی كە خاكی عیراق وەك خاڵی دەستپێك بۆ هیچ جۆرە دەستدرێژییەك دژی گەل‌و هێزە ئەمنییەكانی عیراق و سامانە ستراتیژییەكانی عیراق‌و دژی كارمەندانی ئەمریكی لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەكان‌و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەكارناهێنرێت.

هەردوولا تەئكیدیان لەسەر پابەندبوونی خۆیان كردەوە بۆ هێشتنەوەی عیراق لە دەرەوەی بازنەی ململانێ سەربازییە بەردەوامەكانی ناوچەكە، بەڕێزگرتن لە سەروەرییەكەی بە تەواوەتی و پشتیوانیكردنی عیراق لە دڵنیاییدان لەوەی كە ناكرێت خاك‌و ئاسمان و ئاوە هەرێمایەتییەكانی بۆ هەڕەشەكردن لە عیراق یان وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكە بەكاربهێنرێن.

لەبەیاننامەكەی بالیۆزخانەی ئەمریكا لە عیراقدا ئەوەش خراوەتەڕوو، هەردوولا نوێكردنەوەی پابەندبوونی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كردەوە، بە جۆرێك كە سەقامگیری بپارێزێت و پارێزگاری لە سەروەریی عیراق بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو