رێكخراوی یونسكۆ هۆشداریدەدات لەبارەی زیانگەیاندن بە شوێنەوارە مێژووییەكانی ئێران بەهۆی جەنگەوە و رایدەگەیەنێت، تا ئێستا چوار شوێنەوار كە لە لیستی رێكخراوەكەدایە زیانیان بەركەوتووە.
لازار ئێلۆندۆ ئاسۆمۆ، بەڕێوەبەری ناوەندی شوێنەواری جیهانی لە یونسكۆ، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی كاریگەریی گرژی و پێكدادانەكان لەسەر ناوچە مێژووییەكانی ئێران دەربڕی و وتی، ئێران خاوەنی 29 شوێنەواری تۆماركراوە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسكۆ، بەداخەوە چوار لەو شوێنەوارانە تووشی زیان بوون.
وتیشی، رێكخراوی یونسكۆ هەموو شوێنە جوگرافییەكانی ئەو ناوچە مێژووییانەی بۆ هەموو لایەنەكانی شەڕكە ناردووە و، هەمووان ئاگادارن ئەم شوێنەوارانە نابێت بە هیچ شێوەیەك بكرێنە ئامانج یان هێرشیان بكرێتەسەر و تێكبدرێن، چونكە پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەكان لە كاتی جەنگدا بەشێكە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان و تێكدانیان وەك تاوانی جەنگ لەقەڵەم دەدرێت.
بەوتەی بەڕێوەبەری ناوەندی شوێنەواری جیهانی، كۆشكی گوڵستان لە تاران، كە یەكێكە لە گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەكانی ئێرانو زۆرجار بە كۆشكی ڤێرسای فەرەنسا بەراورد دەكرا، لەناو ئەو شوێنانەدایە كە زیانیان بەركەوتووە.