سكۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكا دەڵێت، تائێستا تێچووی جەنگی ئێران 11 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. دەشڵێت، ئێران ئێستا هێزی ئاسمانی و دەریایی نەماوە و كارگەكانی مووشەكی وردوخاش كراون.
بەوتەی وەزیری گەنجینەی ئەمریكا، پاسەوانیكردنی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریكا یان هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتییەوە، هەمیشە بەشێك بووە لە پلانی ئیدارەی ترەمپ. ئێستاش ژمارەیەك كەشتی بەو رێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕ دەبن، ئەمەش واتای ئەوەیە هیچ مینێكی دەریایی دانەنراوە.
بێسێنت وتیشی، ئێران ئێستا هێزی ئاسمانی و دەریایی نەماوە و كارگەكانی مووشەكی وردوخاش كراون.
سەبارەت بە تێچووی دارایی جەنگەكەش، وەزیری گەنجینەی ئەمریكا ئاشكرایكرد، تا ئێستا تێچووەكەی گەیشتووەتە 11 ملیار دۆلار، دڵنیاییشیدا كە ئەم بڕە پارەیە نابێتەهۆی دروستبوونی قەیرانی دارایی بۆ ئەمریكا، چونكە پارەی پاڵپشتیان هەیە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، سكۆت بێسێنت تیشكی خستەسەر نیگەرانییەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بەرامبەر هەندێك لە هاوپەیمانەكانی و رایگەیاند، بەریتانیا بەهۆی درەنگ رێگەدان بە بەكارهێنانی بنكە سەربازییەكانی، ژیانی سەربازانی ئەمریكی خستووەتە مەترسییەوە.