هەسەدە بۆ نوێنەرەكەی شەرع: بوونی كورد لەناوچەكە راستییەكی مێژوویی چەسپاوە

عیراق 10:37 AM - 2026/03/14

فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات، دەڵێت: كورد پێویستی بە بەڵگەنامەی لە دایك بوون نییە لەو كەسانەی ئاگاداری مێژوو نین یان بە خواستی خۆیان  دەیخوێننەوە، بوونی ئەوان لەم ناوچەیەدا راستییەكی مێژوویی چەسپاوە و رۆڵیان لە ئێستا و داهاتوویدا بە گریمانە یان گێڕانەوەی هەڵبەستراو ناپێورێت. 

فەرهاد شامی، لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی نێردەی سەرۆكایەتی كۆماری سوریا دەداتەوە‌و دەڵێت، ئەو لێدوانانەی ئەحمەد هیلالی نێردەی سەرۆكایەتی كۆمار، گوزارشت لە دیدگایەكی كورتبینی پەراوێزخەر دەكات‌و هەڵقوڵاویی هۆشیاری مێژوویی و گیانی نیشتمانپەروەری نیە و  بەشدار نابێت لە بونیادنانی وتارێكی نیشتیمانی كۆكەرەوە.

تەئكیدیش دەكاتەوە، ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە سەرلەنوێ‌ داهێنانەوە یان ساختەكردنی مێژوو نییە، بەڵكو كاركردنە بۆ بونیادنانی قەوارەیەكی سوری یەكگرتوو كە سەرجەم خەڵكەكەی لەخۆبگرێت لەسەر بنەمای ئینتمای  راستەقینە بۆ ناوچەكە و هاووڵاتیبوونی هاوبەش، هەروەك چۆن كورد هەر لە سەرەتاوە بەشداربووە لە پڕۆسەی بونیادنانی سوریای هاوچەرخدا، تا گەیشتنیان بە ئینتمای كرداری لەشەڕی داعش و هەموو هێزە خراپەكارەكانی تر.

وتەبێژەكەی  هەسەدە تەئكید دەكاتەوە، ئەو  گوتارەی كە گومان دەخاتە سەر پێكهاتە رەسەنەكانی تەونی كۆمەڵایەتی ناوچەكە، گوتارێكی رەگەزپەرستانەیە كە خزمەت بە هیچ پڕۆژەیەكی نیشتمانی راستەقینە ناكات و تەنها دەبێتە هۆی لاوازكردنی تەونی نیشتمانی لەبری پاراستنی.

راگەیەندراوەكەی وتەبێژی هەسەدە دوای ئەوە دێت، ئەحمەد هیلالی، نێردەی سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بۆ بەدواداچوونی كارەكانی یەكگرتن لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە میانی چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، لە پارێزگای حەسەكە شتێك نامێنێت بەناوی ئیداری خۆسەرو هێزی ئاسایش، دەسەڵات لە كۆتایدا تەنها بەدەست دەوڵەتی سوریا دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو