ئەمریكا دوورگەی خارگی بۆردوومان كرد

عیراق 09:47 AM - 2026/03/14

دوورگەی خارگ كە یەكێكە لە دوورگە ستراتیژییەكانی ئێران لە كەنداو، رووبەڕووی زنجیرەیەك هێرشی چڕ بووەوە و بەهۆیەوە ئاگر‌و دووكەڵێكی زۆر ناوچەكەی گرتووەتەوە، سەرۆكی ئەمریكاش دەڵێت، بە فەرمانی من سێنتكۆم دوورگەكەی بۆردوومانكردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دوورگەی خارگ كە ناوەندی هەناردەكردنی نەوتی ئێرانە، رووبەڕووی زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی بووەوە. میدیای رەسمی ئێران بڵاوی كردەوە، زیاتر لە 15 هێرش كراوەتە سەر دوورگەكە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە تەواوی ناوچەكە بیستراوە. هێرشەكان بە دیاریكراوی بنكەكانی بەرگریی ئاسمانی، بارەگا سەربازییەكان و تاوەرەكانی چاودێرییان پێكاوە. 

هاوكات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە پۆستێكدا  نوسیوێتی، بە فەرمانی من فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا (سێنتكۆم)، یەكێك لە بەهێزترین هێرشە بۆردومانەكانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامدا‌و بە تەواوی هەموو ئامانجێكی سەربازیی لە گەوهەری تاجی ئێران، دوورگەی خارگ سڕییەوە. 

دەشڵێت، وەك ئەركێكی ئەخلاقی  بڕیاریداوە ئەو نەوتەی لە دوورگەكە هەیە لە ناوی نەبات ‌و هێرشی نەكاتە سەر. لە كۆتایی پەیامەكەشیدا ترەمپ جارێكی تر تەئكیدی كردووەتەوە، ئێران هەرگیز چەكی ئەتۆمی نابێت، هەروەها توانای ئەوەی نابێت كە هەڕەشە لە ئەمریكا بكات، هەر بۆیە سەربازانی ئێران و هەموو ئەوانەی كە پەیوەندییان بەو وڵاتەوە هەیە، ژیرانە دەبێت چەكەكانیان دابنێن.

دوورگەی خارگ، یەكێكە لە گرنگترین ناوەندە ستراتیژییەكانی هەناردەكردنی نەوتی ئێران و ساڵانە نزیكەی 950 ملیۆن بەرمیل نەوت لەوێوە هەناردەدەكرێت، لەناو دوورگەكەدا چەندین سەكۆی باركردنی نەوت و پاڵاوگەی گرنگ هەیە و بە ناوچەیەكی بازرگانیی گرنگ بۆ ئێران هەژماردەكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو