لە سبەینێوە راوە ماسی بۆ ماوەی سێ‌ مانگ قەدەغەدەكرێت

کوردستان 10:24 AM - 2026/03/14

حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی سامانی ماسی لە وەرزی زاوزێدا، وادەی قەدەغەكردنی راوە ماسی بۆ ساڵی 2026 راگەیاند كە ماوەی سێ مانگ دەخایەنێت.

وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی راوە ماسی لە سەرجەم چەم، رووبار و دەریاچەكانی هەرێمی كوردستان. بەپێی نووسراوێكی  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری، بڕیارەكە لە سبەینێ‌ 15 ی سێ وە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و تا 15 ی مانگی شەش بەردەوام دەبێت و هەر جۆرە راوكردنێك لەو ماوەیەدا قەدەغەیە.

هاوكات لەنوسراوەكەدا تەئكیددكراوەتەوە كە بەكارهێنانی كارەبا، ماددەی ژەهراوی، تەقەمەنی و تۆڕی كونی ورد لە هەموو وەرزەكانی ساڵدا بە توندی قەدەغەیە و هەر كەسێك سەرپێچی بكات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

ئامانجی سەرەكیی ئەم بڕیارە پاراستنی سامانی ماسییە لە وەرزی زاوزێدا بۆ ڕێگریكردن لە كەمبوونەوەی ئەو سامانە نیشتمانییە. بەكارهێنانی شێوازە نایاساییەكان دەبێتە هۆی لەناوبردنی بەكۆمەڵی زیندەوەرە ئاوییەكان و تێكدانی هاوسەنگیی ژینگەیی، بۆیە هێزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگە راسپێردراون بۆ چاودێریكردنی وردی سەرجەم سەرچاوە ئاوییەكان لە تەواوی هەرێمی كوردستان.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو