هیچ جوومگەیەكی ئابووریی جیهان نەماوە جەنگی ئەمریكاو ئیسرائیل لە دژی ئێران، كاری تێنەكردبێت.
داخستنی گەرووی هورمز، هێرشی درۆنی و مووشەكی بۆ سەر هۆتێل، فڕۆكەخانەكانو داخستنی كایەی ئاسمانی ناوچەكە بەرووی فڕۆكەوانیی بازرگانیدا، زیانێكی گەورەی لە ئابووری جیهان داوە.
سەرەتای جەنگ نرخی زێڕ بەرزبووەوە، چونكە وەبەرهێنەران بەدوای پەناگەیەكدا دەگەڕان سەرمایەكانیان بپارێزن، بەڵام دوای یەك هەفتە لە جەنگ، بەهۆی بەهێزبوونی بەهای دۆلارو ناجێگیریی بازاڕەكان، نرخی زێڕ بە رێژەی زیاتر لە 5% دابەزیو ئێستاش هەر ئۆنسەیەكی بە نزیكەی 5 هەزار دۆلارە.
یەكێكی تر لە لێكەوتەكانی ئەم جەنگە، بەربوونەوەی نرخی وزەیە، گرانبوونی بەنزینو سووتەمەنی وادەكات ڕێژەی هەڵاوسان لەسەر ئاستی جیهان بەرزببێتەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت بانكە ناوەندییەكان كەمكردنەوەی رێژەی سوود دوابخەن یان رێژەكە بە بەرزی بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن هەڵاوسان كۆنتڕۆڵ بكەن.
چاوەڕوان دەكرێت بانكی ئینگلتەرا رێژەی سوود لە 3.75% بهێڵێتەوە و یەدەگی فیدراڵیی ئەمریكاش رەنگە كەمكردنەوەی سوود دوابخات، كە ئەمەش 0.8% بۆ 1.5% ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریكا بەرزدەكاتەوە.
یەكێك لە لێكەوتە كاریگەرەكانی ئەم جەنگە لەسەر ئابووری جیهان، داخستنی گەرووی هورمزە لەلایەن ئێرانەوە، كە بوەتەهۆی ئەوەی 20%ی هەناردەی نەوتی جیهانی پەكی بكەوێت، بۆیە نرخی یەك بەرمیل نەوت بەرزبۆتەوە بۆ 100 تا 120 دۆلار.
ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەری دەبێت لەسەر بەزربوونەوەی نرخی بەرهەمە نەوتییەكان، بەجۆرێك نرخی یەك گاڵۆن بەنزین لە ئەمریكا 20% بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 3.58 دۆلار، لە ناوچەكانی تری جیهانیش نرخی بەنزین 10% بۆ 13% بەرزبووەتەوە.
قەتەریش كە یەكێكە لە وڵاتە گەورەكانی هەناردەكردنی غاز، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە بەڕێژەی 20% هەناردەی غازی شلی راگرتووە، بەو هۆیەوە نرخی غاز لە ئەوروپاو ئاسیا دوو هێندە گران بووە. ناوەندی توێژینەوە ستراتیژیو نێودەوڵەتییەكانی ئەمریكاش پێشبینی دەكات، بەهۆی وەستانی هەناردەی غازی قەتەر، وڵاتان روو لە كڕینی غازی شلی ئەمریكی بكەن.
جەنگ، ناجێگیرییەكی زۆری لە بازاڕەكانی جیهاندا دروستكردووە، پشكی كۆمپانیاكان دابەزیوون، پشكی كۆمپانیاكانی ئەوروپاو ئاسیا زۆرترین زیانیان بەركەوتووە.
سەرەڕای ئەوەش جەنگ زیانێكی زۆری لە كەرتی گەشتوگوزارو بواری فڕۆكەوانی داوەو تا ئێستا زیاتر لە 40 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشاونەتەوە كە زیانەكەی بە 600 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە مەزەندە دەكرێت، زۆربەی ئەو زیانەش بۆ وڵاتانی كەنداوە،
هەروەها پێشبینی دەكرێت گەشتكردن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێژەی 11% بۆ 27% كەمببێتەوە، واتە ژمارەی گەشتیاران 23 بۆ 38 ملیۆن گەشتیار كەم دەكات، كە زیانە ماددەیەكەی دەگاتە 34 بۆ 56 ملیار دۆلار.