ئێران: كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكە دەكەینە خۆڵەمێش

عیراق 12:01 PM - 2026/03/14

بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی سەرۆكی ئەمریكا دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئێران، تەواوی ئەو كێڵگە نەوتییانەی ناوچەكە دەكەن بە خۆڵەمێش كە پشكی ئەمریكایان تێدایە.

ئیبراهیم زولفەقاری، وتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا، لە ڕاگەیەندراوێكدا هۆشدارییەكی تووندی ئاراستەی واشنتۆن كرد‌و ڕایگەیاند، لە ئەگەری هێرشكردنە سەر ژێرخانی نەوتی، ئابووری و وزەی كۆماری ئیسلامیی ئێران، هەموو ژێرخانی وزە‌و ئابووری كۆمپانیاكانی ناوچەكە كە پشكی ئەمریكایان تێدایە یان هاوكاریی ئەمریكا دەكەن، دەستبەجێ لەناودەبرێن و دەكرێنە خۆڵەمێش.

ئەم هۆشدارییەش دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا وتبووی، لەسەر فەرمانی ئەو، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) یەكێك لە بەهێزترین و گەورەترین هێرشە ئاسمانییەكانی لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەراستدا كردووە و تێیدا دوورگەی خارگی ئێرانی كردووەتە ئامانج.

راشیگەیاندبوو، لەم هێرشەدا هەموو ئامانجە سەربازییەكانی ناو دوورگەی (خارگ) كە گرنگترین ناوەندی ستراتیژیی ئێرانە، بە تەواوەتی لەناوبراون و وێران كراون.  
دوورگەی خارگ، بە ستراتیژیترین‌و گرنگترین دووگەی ئێران دادەنرێت‌و 90٪ی پانتایی ئەم دوورگەیە بۆ پیشەسازیی نەوت تەرخانكراوە‌و یەكێكە لە ناوەندە گرنگەكانی هەناردەكردنی نەوتی ئێران.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو