دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت، بڕیاری راگرتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان لە دژی ئێران بە هەماهەنگی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ دەبێت دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی تایمزی ئیسرائیل رایگەیاند، بڕیاری كۆتایی بۆ راگرتنی جەنگی دژی ئێران بڕیارێكی هاوبەش دەبێت لە نێوان ئەو و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل.
ترەمپ ئاماژەی بەوەشكرد هەماهەنگییەكی بەردەوام لە نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب هەیە و لە كاتی گونجاودا پێكەوە بڕیارەكە دەدەن.سەرۆكی ئەمریكا روونیشیكردەوە، هەرچەندە ناتانیاهۆ رۆڵی سەرەكی دەبێت لە دیاریكردنی كاتی كۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكان، بەڵام بڕیاری كۆتایی لەلای ئەو دەبێت وەك سەرۆكی ئەمریكا.
هاوكات كەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاشكرایكردووە كە تەلئەبیب دەست دەكات بە تاوتوێكردنی سیناریۆكانی كۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و هەفتەی داهاتووش وەك وادەیەكی یەكلاكەرەوە بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ململانێكان و مەرجە ستراتیژییەكانی تەلئەبیب دیاریكراوە.
ئیسرائیل بۆ وەستاندنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی، سێ مەرجی ستراتیژی و قورسی دیاریكردووە كە بریتین لە،تێكشكاندنی تەواوەتی سیستمی مووشەكیی ئێران،لەناوبردنی پیشەسازییە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە،كۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران بە شێوەیەكی هەمیشەیی و یەكجاری.