قوباد تاڵەبانی: کار بۆ فرە سەرچاوەکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەین

کوردستان 02:41 PM - 2026/03/09

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بە مەبەستی بەدوداچوون بۆ کێشەکانی کارەبا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی بەسەر کردەوە.

لە سەردانەکەیەدا قوباد تاڵەبانی بەشە جیاوازەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای بەسەرکردەوە و سوپاس و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و ئەندازیاران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا ئەرکەکانی خۆیان بە باشی و بە هەستێکی نیشتمانییەوە جێبەجێ کردووە.

پاشان لەگەڵ ئەندازیار ئەنوەر حەمە سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای سلێمانی و ستافی بەڕێوەبەریی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند هەرچەندە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بە شێوەیەکی کاتی کەمبووەتەوە و دۆخی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کار بۆ فرەسەرچاوە کردنی بەرهەمهێنان بکەین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە دۆخێکی نەخوازراوی هاوشێوەدا هاوڵاتییان تووشی کێشەی بێ کارەبایی نەبنەوە.

لەم چوارچێوەیەدا باس لە پلانی چۆنییەتی پەرەپێدانی سیستەمی سۆلار کرا، کە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت هەنگاوی زۆر گەورەیان ناوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئاستی بەرهەمهێنان لە رێگەی سیستەمی سۆلارەوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و جگە لەوەش خواستی هاوڵاتی بۆ بەکارهێنانی سیستمی سۆلار بەرزبووەتەوە. 
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پلانی نۆژەنکردنەوەی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا لە بەنداوەکان کرا و بەپێی ئەم پلانە لەڕێی بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیاوە ئاستی بەرهەمهێنانی کارۆئاوی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە دەربڕی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا قۆناغەکانی پڕۆژەی رووناکی و  پەرەپێدان بە سیستمی پێوەری زیرەک کرا.

لەم چوارچێوەیەدا بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا، دانانی پێوەری زیرەک لە ساڵانی رابردوودا کاریگەری گەورەی هەبووە هەم لە کەمکردنەوەی ئاستی بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتییانەوە و هەم بەهۆی کۆکردنەوەی داتای ورد و زانستی  لە ڕێگەی سیستەمەکەوە توانراوە سەرچاوەی کێشەکان بدۆزرێنەوە و بەشێکی بەرچاوی کێشەکانیش چارەسەر بکرێن.

لەم چوارچێوەیەدا باس لە گرنگیی پەرەپێدانی سیستەمی پێوەری زیرەک کرا بە جۆرێک کە ئاسانکاری بەرچاو پێشكەشی هاوڵاتییان دەکات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو