خەرجیی عیراق لە ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 141 تریلیۆن دینار و ئەوەش بەراورد بە 2024 زیاتر لە نۆ تریلیۆن دینار كەمی كردووە و زیاتر لە 17 تریلیۆن دیناریش كورتهێنانی هەبووە.
وەزارەتی دارایی عیراق، راپۆرتی خەرجی و داهاتی بۆ 12 مانگەكەی ساڵی 2025 بڵاوكردەوە كە خەرجیی بەكاربردن و وەبەرهێنان دەگرێتەوە.بەپێی راپۆرتەكە، ساڵی 2025 خەرجیی گشتیی عیراق 141 تریلیۆن و 227 ملیار دینار بووە.
لەو بڕە پارەیە، 119 تریلیۆن و 163 ملیار دیناری بۆ خەرجیی رەوان بووە، خەرجیی وەبەرهێنانیش لە 2025 گەیشتووەتە 22 تریلیۆن و 64 ملیار دینار كە دەكاتە 15.6%ی تێكڕای خەرجییەكان. بەپێی راپۆرتەكە، ساڵی 2025 داهات 124 تریلیۆن و 185 ملیار دینار بووە كە هەردوو داهاتی نەوت و نانەوتی گرتووەتەوە.
لەو بڕە داهاتەش، 109 تریلیۆن و 207 ملیار دیناری داهاتی نەوت بووە كە 88%ی تێكڕای داهاتی ئەو ساڵە بووە، لە كاتێكدا داهاتی نانەوتی 14 تریلیۆن و 977 ملیار دینار بووە كە 12%ی داهاتەكانی پێكهێناوە.بەراورد بە ساڵی 2024، داهات لە عیراق 16 تریلیۆن و 588 ملیار دینار كەمی كردووە.
زۆرترین كەمكردنی داهات لە ساڵی 2025 بەراورد بە ساڵی پێشتر لە داهاتی نەوت بووە كە 18 ترلیۆن و 328 ملیار دینار بووە، لەكاتێكدا داهاتی نانەوتی لەو ساڵەدا یەك ترلیۆن و 739 ملیار دینار زیادی كردووە، ئەویش بەراورد بە ساڵی 2024. كورتهێنانی خەرجی و داهاتی عێراق لە 2025 گەیشتووەتە 17تریلیۆن و 100 ملیار دینار، لەكاتێكدا كورتهێنان لە 2024 گەیشتبووە نۆ تریلیۆن و 800 ملیار دینار.@@