رۆژی هەشتی ئاداری 2026 ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری ئێران كە لە 88 ئەندام پێكدێن، هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەك سێیەمین رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران راگەیاند،ئەنجوومەنەكە لە پەیامێكدا بڵاویكردەوە ، دوای بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی، لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا ئایەتوڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی بە دەنگی یەكلاكەرەوەی نوێنەران وەك سێیەمین رابەری كۆماری ئیسلامی دیاری كرا.
ئەنجوومەنەكە داوای لە رۆشنبیران، حەوزە و زانكۆكان كردووە بۆ پاراستنی یەكڕیزی، بەیعەت بە رابەری نوێ بدەن.لای خۆیەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە یەكەم لێدوانیدا لە دوای دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی وەك رابەری نوێی ئێران ، بە كەناڵی فۆكس نیوزی راگەیاند ، دڵخۆش نییە بە دیاریكردنی موجتەبا خامنەیی ، بەڵام هیچ لێدوانێكی تری لەوبارەیەوە نەداوە.
هاوكات عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاندووە ، سەرباری ئەو هەرەشانەی ئاراستەی دەكرا ، ئەنجومەنی شارەزایانی رابەریی ئێران توانی رابەری نوێ دیاریبكات و دوپاتیشیكردوەتەوە كە موجتەبا خامنەیی توانای بەرێوەبردنی وڵاتی هەیە لەم دۆخە هەستیارەی پێیدا تێدەپەڕن، داواشی كردووە هەموان پێكەوە بە یەكریز لە پشت رابەری نوێ بوەستن و پاڵپشتی بكەن .
موجتەبا خامنەیی لە ساڵی 1969 لە شاری مەشهەد لەدایكبووە. ئەو بە ناسراوترین و كاریگەرترین كوڕی عەلی خامنەیی دادەنرێت و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رۆڵێكی سەرەكی لە بەڕێوەبردنی كاروباری نووسینگەی رابەریدا هەبووە.
لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە ناوی وەك كاندیدی سەرەكی بۆ جێگرتنەوەی باوكی لە میدیاكاندا دەهێنرا.موجتەبا لە كاتی شەڕی ئێران و عیراق لە هەشتاكاندا، لە كەتائیبی حەبیب لەناو سوپای پاسداران خزمەتی كردووە. لەوێوە پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەكان دروستكردووە. لە ماوەی 20 ساڵی رابردووشدا، موجتەبا خامنەیی رۆڵی سەرەكی هەبووە لە دیاریكردنی فەرماندە باڵاكانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی هەواڵگری و خاوەن دەسەڵاتێكی فراوان بووە لەناو هێزەكانی بەسیجدا.
رابەرە نوێیەكەی ئێران خوێندنی ئایینی لە حەوزەی زانستیی قوم تەواو كردووە و وانەی ئایینی دەڵێتەوە.
پێشتر لە پلەی حوجەت ولئیسلامدا بووە و ئێستا وەك ئایەتوڵا دەناسرێت. هەوڵەكان بۆ ئەوەن بگاتە پلەی ئایەتوڵای عوزما (مەرجەع)، كە بەرزترین پلەی ئایینییە و رێگە دەدات شوێنكەوتووانی لە كاروباری پەرستش و ژیاندا چاوی لێ بكەن.
موجتەبا خامنەیی هاوسەرگیری لەگەڵ كچی غولام عەلی حەداد عادل، سەرۆكی پێشووتری پەرلەمانی ئێران كردووە.بەپێی بڵاوكراوەكانی حكومەتی ئێرانیش دەوترێت هاوسەرەكەی موجتەبا و كوڕێكی لەكاتی بە ئامانجگرتنەكەی عەلی خامنەی كوژراون.