نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 115 دۆلاری تێپەڕاند

عیراق 02:26 PM - 2026/03/09

لەبەرزبوونەوەیەكی مێژووییدا و بەهۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەمارۆی سەر گەرووی هورمز، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت 115 دۆلاری تێپەڕاند، وەزیری وزەی ئەمریكاش دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەكاندا كاتییە.

بەیانی ئەمڕۆ نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت بەڕێژەی 30% بەرزبوونەوەی تۆماركرد و گەیشتە سەروو 115 دۆلار، ئەو بەرزبوونەوەیە لە نرخی نەوت نیگەرانی سەركردەكانی جیهانی لێكەوتووەتەوە.لای خۆیەوە كریس رایت وەزیری وزەی ئەمریكا رایگەیاند،بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەكانی جیهان كاتییە و واشنتۆن كار بۆ لەناوبردنی  هەڕەشەكانی ئێران لەسەر ژێرخانی وزەی ناوچەكە و گەرووی هورمز دەكات.
سەبارەت بە نرخی بەنزینیش كە لە چەند رۆژی رابردوودا بە رێژەی 14% بەرزبووەتەوە، وەزیری وزەی ئەمریكا رایگەیاند،ئەمە دۆخێكی كاتییە و لە خراپترین دۆخدا ئەم بەرزبوونەوەیە چەند هەفتەیەك دەخایەنێت نەك چەند مانگێك،ئەوەشی دەبینرێت تەنیا كاردانەوە و ترسە لە ئەگەری درێژخایەنبوونی شەڕ.

لای خۆشییەوە بەڕێوەبەری سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداریی  لە مەترسییەكانی هەڵاوسانی ئابووری بەهۆی ململانێكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا و  رایگەیاند، هەر زیادبوونێك بەڕێژەی 10% لە نرخی نەوتدا ، 40 خاڵ بۆ سەر هەڵاوسانی جیهانی زیاد دەكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو