دواین بڕی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات كە زیاتر لە 295 ملیار دینار بوو، خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی هەرێم و چاوەڕوان دەكرێت هەر ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی رێكارەكان دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.
وەزارەتی دارا و ئابووری هەرێم بڵاویكردووەتەوە،ئەمڕۆ دووشەممە بڕی 295ملیارو 405 ملیۆن دینار وەك دواین بڕی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی لەلقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.بەپێی بڵاوكراوەكە،هەر ئەمڕۆ دوای تەواوكردنی رێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق، خشتەی مووچە رادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشكردنی مووچە دەكرێت.
هاوكات وەزارەتی دارایی لە تێبینییەكدا باسشی لەوەكردووە،بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ بڕی 16 ملیار و 107 ملیۆن و 881 هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی شوبات نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی رابردووی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی.
وەزارەتی دارایی هەرێم دەشڵێت: بڕی ئەو 36 ملیار و 360 مایۆن و 863 هەزار دینارەشی خەرج نەكردۆتەوە كە مانگی رابردوو لە تەمولی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵی بڕیبوو كە شایستەی ساڵی رابردووی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی و كەمئەندامانی سەنگەر بوو، سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نوسراوی رەسمی و ناردنی تیمی تەكنیكیەوە روونكردنەوەی پێویستیشیان پێدابوون و داوای خەرجكردنی ئەو شایستانەیان كردبوو.