.
09:50 PM - 10/02/2026
وەزارەتی دارایی عیراق وەڵامی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەداتەوە، دەڵێت تەواوی ئەو بڕە پارەیەی ناردوویانە بۆ مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ بەپێی یاسا و رێكارە داراییەكان بووە. باس لەوەشدەكات ئەو پارە زیادەیەی داوا دەكرێت، پێویستی بە یاسا هەیە.
وەزارەتی دارایی عیراق لە راگەیەندراوێكدا وەڵامی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستانی دایەوە كە باسیان لە هەبوونی كورتهێنان لە تەمویلی مووچەی مانگی كانوونی دووەم كردبوو كە شایستەی خانەنشینانە بۆ چەند مانگێك و بڕەكەی 36 ملیار دینارە.
وەزارەتی دارایی عیراق رایگەیاندووە، رێكارەكانی تەمویلكردنی مووچە بەپێی بڕگە یاساییەكان و لەسەر بنەمای خەرجیی یەك لەسەر دوانزەی ساڵانە ئەنجامدراوە، پارەكەش تەنیا بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە نێردراوە كە ناویان لە لیستە پەسندكراوەكاندا هەیە و بە كردەیی بوونیان هەیە.
بەوتەی وەزارەتی دارایی عیراق، هەر بڕە پارەیەكی زیادە یان جیاوازیی مووچەكان لە مانگەكانی رابردوو، بە میكانیزمی خەرجكردنی ئێستا نادرێت، چونكە پێویستی بە رێكاری یاسایی و تەرخانكردنی دارایی دیاریكراو هەیە، ئەوەش لە كاتی ئامادەكردنی خشتەكانی بودجەی ساڵی 2026دا بەپێی رێكارەكان خەرج دەكرێت.
وەزارەتی دارایی عیراق بە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەڵێت، پابەندبوون بە دەستوور و یاسا وا دەخوازێت كە لە گواستنەوەی راستییەكان دا وردبن و دووربكەونەوە لە زمانی گرژی و دروستكردنی بیانوو.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە