کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سوریا بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش

.

11:12 AM - 10/02/2026

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پێشوازی لە رێككەوتنی گشتگیری نێوان حكومەتی كاتیی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دەكات، حكومەتی سوریا-ش  وەك 90ـەمین ئەندامی هاوپەیمانییەكە وەرگیرا.


شانشینی سعودیە و ئەمریكا لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا ئەنجامی كۆبوونەوەی "گرووپی بچووك"ـی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ تێكشكاندنی داعشیان بڵاوكردەوە، كە تێیدا نەخشەڕێگەی نوێی شەڕی دژی تیرۆر لە سوریا و عیراق تاوتوێكراوە. بەپێی راگەیەندراوەكە، كۆبوونەوەكە لەلایەن وەلید خەریجی جێگری وەزیری دەرەوەی سعودیە و بە هاوسەرۆكایەتیی تۆم باراك نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچووە.


لە راگەیەندراوەكەدا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پشتگیریی خۆی بۆ ئەو رێككەوتنە دەربڕی كە لە نێوان دیمەشق و هەسەدە ئیمزا كراوە. هاوكات، هاوپەیمانییەكە ستایشی قوربانییەكانی هەسەدەی كردووە لە شەڕی داعشدا و پێشوازیی لە بڕیاری حكومەتی سوریا كردووە بۆ گرتنە ئەستۆی سەركردایەتیی شەڕی دژی تیرۆر.


بەپێیی راگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا چەند خاڵێك پەسەندكراون گرینگترینیان بریتین لە: وەرگرتنی سوریا وەك 90ـەمین ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. گواستنەوەی خێرای دەستگیركراوانی داعش بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و پاراستنیان.

گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی بیانی واتا "چەكدارانی پێشووی داعش و خێزانەكانیان" بۆ وڵاتەكانی خۆیان. تێكەڵكردنەوەی خێزانەكانی ناو كەمپەكانی هۆل و رۆژ بۆ ناو كۆمەڵگەی خۆیان. هەروەها بەردەوامیی هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغداد و دیمەشق لەسەر داهاتووی شەڕی دژی داعش.


لە كۆتاییشدا هاوپەیمانییەكە پابەندبوونی خۆی بە تێكشكاندنی یەكجاریی داعش لە سوریا و عیراق دووپاتكردووەتەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە