.
10:30 PM - 07/12/2025
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ قـەیس خـەزعەلی،ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسایب کۆبووەوە.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە شەوی یەکشەمە (7/12/2025) لە بەغداد بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی لێکرد، هاوکات دید و بەرنامەی یەکێتی بۆ داهاتووی عیراق و هەروەها داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد روون کردەوە و رایگەیاند یەکێتی بەغداد بە قوڵایی ستراتیژی خۆی دەزانێت و پێیوایە دەبێت هەموو کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەناوخۆی عیراق و بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای رەچاوکردنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەموو عیراق چارەسەر بکرێن.
سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عیراقیش، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند عیراق پێویستی بە حکومەتێکی بەهێز و کارا هەیە کە بتوانێت لەلایەکەوە سەروەری و سەربەخۆیی عیراق بپارێزێت و لەلایەکی دیکەشەوە هەنگاوی بنەڕەتی بنێت بۆ گەشەپێدانی ئابووریی عیراق.
راشیگەیاند، خواست و سیاسەتی یەکێتی، عیراقێکی بەهێز و خاوەن ئابورییەکی بەهێز و سەقامگیرە کە تیایدا کێشەکانی نێوان نێوان هەرێم و بەغداد بە بنەڕەتی چارەسەرکرابێت بەتایبەت بودجە و موچە کە مافێکی دەستووری هاوڵاتییانی کوردستانە و ئەرکی حکومەتی داهاتووی عیراقە بە دوور لە ناکۆکییە سیاسییەکان بەشە بودجە و موچەی هەرێمی کوردستان دابین بکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە