.
08:23 PM - 07/12/2025
قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەفدێکی باڵای یەکێتی سەردانی بەغدادی کرد و لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرلەئێوارەی رۆژی
یەکشەمە(7/12/2025) بەڕێوەچوو، باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کرا و هەردوولا هاوڕابوون، بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی هەڵبژاردن دەستکەوتێکی گرنگی دیموکراسییە بۆ هەموو گەلی عیراق و هیوایان خواست بەپێی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن حکومەتێک پێکبهێنرێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی و رەزامەندیی هەموو پێکهاتەکانی عیراقدا بێت.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە بەشێکی گەورەی کێشەکانی عیراق و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر دەکرێن، هەربۆیە یەکێتی، پابەندبوون بە دەستوور و جێبەجێکردنی هەموو مادەکانی دەستوور بە تەنها رێگەچارە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و هەنگاونان بەرەو عیراقێکی سەقامگیرتر و گەشەسەندوو دەزانێت.
سەرۆکی وەفدی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە کە یەکێتی پێداگرە لەسەر ئەوەی ئەولەوییەتی یەکەمی هەردوو حکومەتی داهاتووی هەرێم و بەغداد دەبێت چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان بێت، بە تایبەتیش کێشەی بودجە و نابێت بە هیچ شێوەیەک چیتر بودجە وەک مافێکی دەستووری خەڵکی کوردستان بخرێتە چوارچێوەی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە