.
04:32 PM - 07/12/2025
(١٠٥) خوێندکاری هەرێم لە زانکۆکانی ناوەراست و باشوری عێراق وەرگیران
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ناوەراست و باشوری عێراق بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە ئەوانەی داواکارییان بۆ وەرگرتن لە زانکۆکانی ناوەراست و باشوری عێراق پێشکەش کردبوو لە ئێستادا دەتوانن لە ڕێگەی (dirasat.mohesr.gov.iq) ئەنجامی وەرگرتنیان وەربگرنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی (2025/12/7) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقی فیدرال لە بەغدا بەڕێوەچوو، بە ئامادەبونی هەریەک لە د. نعیم العبودی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی عێراقی فیدرال و د. خەتاب ئەحمەد شێخانی بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم و بەختیار حاجی حەمەد بەڕێوەبەری گشتی کاروباری پەیوەندییەکان و بە دواداچون لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ناوەراست و باشوری عێراق و هەروەها ئەنجامی وەرگرتنی خوێندکارانی ناوەراست و باشوری عێراق لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
لە ئەنجامی هەماهەنگی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی فیدرال، بریاردرا بە دابینکردنی (٤٠٠) کورسی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ناوەراست و باشوری عێراق بۆ خوێندکاران و قوتابیانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەوەش دابینکردنی (٤٠٠) کورسی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندکاران و قوتابیانی دوانزەی ئامادەیی ناوەراست و باشوری عێراق. بۆ ئەم مەبەستە لە (١٢٧) خوێندکاری هەرێمی کوردستان کوردستان کە داواکارییان پێشکەش کردبو (١٠٥) خوێندکاری هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی ناوەراست و باشوری عێراق وەرگیران، هەروەها لە (١٦٥٧) خوێندکاری ناوەراست و باشوری عێراق (٢٦٣) خوێندکار لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیران.
لە ئێستاوە سەرجەم وەرگیراوان پێویستە پەیوەندی بەو کۆلێژ و بەشانەوە بکەن کە ناویان لێ گەڕاوەتەوە بە مەبەستی دەست کردن بە مامەڵەی وەرگرتن.
دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی لینکی (dirasat.mohesr.gov.iq) دەتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ناوەراست و باشوری عێراق بدۆزنەوە.
هەروەها دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی ناوەراست و باشوری عێراق لە ڕێگەی لینکی (regayzanko.com) دتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە