کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ستران عەبدوڵلا - چیرۆکی کورتی دیموکراسیی لە مەچکۆ

.

11:39 AM - 31/10/2025


چیرۆكی كورتی دیموكراسیی لە مەچكۆ
ستران عەبدوڵلا
كەیفیان لەگەڵ دیموكراسی و هەڵبژاردن ناسازێ، بە ئاماژەی دەستیش بێت هەر نیشانی دەدەن كە زۆریان پێ خۆش نییە دیاردەكانی كەمپین و ناساندن و بڵاوكردنەوەی بەرنامە و دروشمی هەڵبژاردن ببینن. حەز دەكەن كوێر بن و كەڕ بن بەس دروشمێكی جیاواز نەبینن و بانگەوازێكی تازە نەبیستن. رۆژەكانی پروپاگەندەی هەڵبژاردن و جموجۆڵی لایەنەكان بۆ خۆنواندن و باسكردنی روانگە و سیاسەت و بەرنامەكانیان وەك رۆژی تاڵ و تار و تەقویمی درێژی بێ تەحەمول دەبینن. خواخوایانە زوو بڕوا و قەت نەیەتەوە. دوژمنی سەرسەختیان ئەم یاسا و رێسایانەن كە كۆمسیۆن و مۆمسێۆن و دادگا و دەستور بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دایان ناوە. چیبكەن ؟ ناچارن وەك دەرد و بەڵای ناگەهان مامەڵەی لەگەڵ بكەن. سات و سەعات و رۆژگاری كورتی دیموكراسی لای ئەوان ساڵ و سەدە و هەزارەیە و گەرەكیانە زوو تێپەڕێت و زوو بچنەوە سەر رێگە قەدیم و خۆشەویستەكەی خۆیان كە هەر خۆیان بڕیار بدەن و هەر رەنگی خۆیان و هەر دەنگی خۆیان زاڵ بكەنەوە
زۆر مەبەستیانە بە پەلە و بێ دواكەوتن دەزگا و دوكانی دیموكراسیی بپێچنەوە و هیچ سیما و سیفەتێكی نەبیننەوە
مەشق دەكەن لەگەڵ ئەم شتە عەنتیكانەی لیست و رەنگ و كاندید و بانگەشە و هەوڵ دەدەن زوو تەواو بێت بەڵام هەر زوو هەڵدەچن و هەر زوو تەنگەتاو دەبن و لەنیوەی رێ پەتی تەحەمولیان دەپسێ و خۆیان ئاشكرادەكەن كە چ ماڵێكن 
دەست دەكەنەوە بە ئۆپەراسێۆنی شەق و زلە و پەلاماردان، دەست دەكەنەوە بە دیموكراسی جمێن و زمانی زبر و قابیلی قبوڵ نییە، دەست دەكەنەوە بە بەكارهێنانی لایەنگرە سەرسەختەكانی خۆیان كە گوایە بەرێكەوت لەوێ بوون و نەیانزانیووە ، گوایە ئەم دەروێشانە زۆر پەرۆشی رەنگی زەردن و حەساسیەتیان هەیە بە رەنگی سەوز و سوور و رەنگی ئاڵواڵای دیموكراسی
لای ئەوان رۆژەكانی كەمپین وەك تەقویم و رۆزنامەی دۆزەخ وایە و زۆر بە خاوی و دڕەنگ پەڕەكانی هەڵدەداتەوە
ئەمە چیرۆكی كورتی پارتییە لەگەڵ دیموكراسی و هەڵبژاردن و ململانێی سیاسیی ، دەتوانیت رۆمانی چەند جڵدیشی لەسەر بنوسیت . دیموكراسییەكەی جیكڵدانی تەنگە و كەم تەحەمول و نەفەس كورت . دیمەنی وایە كە دوێنێ لەگەڵ گەنجانی سەوز لە هەولێر بە بەرچاوی مەچكۆوە كردیان . پایتەختیان وا شێواندووە قەڵای سەربەرز و دێرین خۆی شایەتی سەدان پێشێلكاری وایە و بۆ رۆژی خۆی هەڵیگرتووە تا هەڵیرێژێ
ئەمە چیرۆكی دیموكراسییە لای زەرد كە دەشڵێن لەوەتەی هەین هەموو هەڵبژاردنێكمان بردۆتەوە
ئاخر ئاوا بردوتانەتەوە كە هەموو شتێك دەلەوتێنن و دۆ و دۆشاو تێكەڵ دەكەن. لە یەكەم تەجرەبەی هەڵبژاردنیش، لەساڵی ١٩٩٢ ، هەر واتان گوت: سێ بەشی كورد پارتییە، پەرلەمانمان بۆ چییە؟
هەر واتان هێناوە كە سوعبەتی هەڵبژاردنتان بۆ قووت نادرێ و كەیفتان بە دیموكراسی نایەت. هەر واتان كردووە دامەی دەكەن تا براوەن، كە گەمەكە هاوسەنگ دەبێ توڕە دەبن و چای و قاوەی میوانداریش بەسەر یەكدا دەترچێنن: قابیلی قبوڵ نییە



لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە