 .
            
                 .
            
            
        10:37 AM - 31/10/2025
        
    
 
        
          
ئەمڕۆ دووەم رۆژی بەرێوەچوونی یانزەهەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیە و بڕیاریشە فێستیڤاڵەكە سبەینێش بەردەوام بێت، فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە بە یەكێك لە گەورەترین فێستیڤاڵەكان لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان دادەنرێتو تێیدا چەندین بەرهەمی كشتوكاڵی و براندی خۆماڵیو كاری دەستی خراونەتەڕوو، هەروەها بەهۆی تایبەتمەندی فێستیڤاڵەكەوە هەزاران سەردانكەر و گەشتیار لە هەرێمی كوردستانو پارێزگاكانی ناوەڕاستو باشووری عیراقەوە سەردانیان كردووە و پێشبینیش دەكرێت تا دوایین رۆژی فێستیڤاڵەكە هاتنی گەشتیاران روو لە زیادبوون بكەن، ئەم خولەی فێستیڤاڵ هاوشێوەی ساڵی رابردوو لە پارك و شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت و ئامادەكارییەكان لەلایەن لیژنەیەكی باڵای چوار كەسییەوە سەرپەرشتی كراون.
 
لەوبارەیەوە ئەرسەلان عابد، ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەكە راگەیاندووە، 650 دوكان لە فێستیڤاڵەكەدا بەرهەمەكانیان خستۆتەڕوو، كە بەشی یەكەم، هەنار و ئەو میوە خۆماڵییانەیە ئێستا بەردەستن، بەشی دووەم كاری دەستیی خانمانە و بەشی سێیەم خواردنی كوردەوارییە.
 
بەپێی ئاماری رێكخەرانی فێستیڤاڵەكە، ساڵی رابردوو 285 هەزار و ساڵی 2023 ش  270 هەزار سەردانیكەر و گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجەیان كردووە، بەپێی پێشبینیەكانیش ئەم ساڵ چاوەڕێ دەكرێت ژمارەكە 300 هەزار كەس تێپەڕێنێت.
 
 بە وتەی ستار مەحمود بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە، لە سنووری پارێزگاكە 10 هەزار و 600 دۆنم باخی هەنار هەن و نزیكەی دوو هەزار و 300 جووتیار كاری تێدا دەكەن. بەڕێوەبەری كشتوكاڵی هەڵەبجە باسی لەوەشكردووە، بەرهەمی هەناری ئەمساڵ دەگاتە 20 بۆ 30 هەزار تۆن.
 
             
            
             
             
             
            
			لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە