.
01:11 PM - 02/10/2025
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ڕایگەیاند، دانانی سیستمی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وزەی خۆر یاخود سۆلار لەزیادبووندایەو لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 700 هاوبەشی كارەبا، سیستمی وزەی خۆریان داناوە.
بەپێی ئامارەكانی بەشی وزە نوێبووەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، رۆژ لەدوای رۆژ هاووڵاتیان ڕوو لە دانانی سیستمی كارەبای وزەی خۆر دەكەن، لە ماوەی دوو مانگی رابردووشدا زیاتر لە 700 هاوبەشی كارەبا سیستمەكەیان داناوە.
بەوپێیەش تاوەكو 30ی ئەیلولی 2025َ ژمارەی ئەو هاوبەشانەی كە سیستمەكەیان داناوەو لە بەشی وزە نوێبووەكان تۆماركراون، گەیشتووەتە هەزار و 746 هاوبەش و بڕی بەرهەمهێنانی كارەبایان زیاتر لە 26 مێگاوات بووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی، ئەو هاوبەشانەی سستمی سۆلاریان داناوە هەزارو 490 ماڵن، 198 هاوبەشی بازرگانی، 9 هاوبەشی پیشەسازیی و 44 هاوبەشی كشتوكاڵین.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە