.
08:56 AM - 02/10/2025
بە بۆنەی تێپەڕبوونی هەشت ساڵ بەسەر ماڵئاوایی سەركردە و ڕابەری گەلەكەمان سەرۆك مام جەلال، زانكۆی سلێمانی بەهاوبەشی دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال، كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، ڕێكدەخات.
لە یەكەم ڕۆژی كۆنفرانسەكەدا، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥، مەراسیمێكی تایبەت لە هۆڵی كۆنگرێس لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ڕۆژی ٤ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥، لە دووەم ڕۆژی كۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی (سەرۆك جەلال تاڵەبانی) چەند پانێڵێك پێشكەشدەكرێن.
لە كۆنفرانسەكەدا (٢٠) توێژینەوەی زانستی لەسەر هزری سیاسیی سەرۆك مام جەلال و ڕۆڵ و كاریگەری لە پرۆسەی ئاشتی و ئازادی ڕادەربڕین و مافی مرۆڤ و چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣، هەروەها ڕۆڵ و كاریگەری سەرۆك مام جەلال لەسەر پەیوەندی چین و كوردستان و عێراق و هەوڵەكانیان بۆ سەقامگیری و پێكەوەژیان و پاراستنی مافی پێكهاتەكان لە شاری كەركوك پێشكەشدەكرێن.
بەپێی پرۆگرامی كۆنفرانسەكە، کاتژمێر (٩:٣٠) خولەكی بەیانی ڕۆژی شەممە بۆماوەی (٣٠) خولەك ناوی ئامادەبووان تۆماردەكرێت، پاشان کاتژمێر (١٠) كۆنفرانسەكە دەستپێدەكات.
توێژینەوەكان لە هۆڵەكانی (B, C, E, D )ی كۆنگرێس لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بە زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) پێشكەشدەكرێن.
دواتر لە هۆڵی كۆنگرێس، دەرئەنجام و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانس لەلایەن (پ.د.محەمەد ئەمین عەبدوڵڵا تاتانی) دەخرێتەڕوو، هاوكات بڕوانامەی بەشداریكردن بەسەر توێژەراندا دابەشدەكرێت و كۆتایی بە كۆنفرانسەكە دەهێنرێت.
جێی باسە، هەر بەبۆنەی ژیانئاوایی (سەرۆك مام جەلال) ڕۆژی ٣ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٥، بە بەشداری خانەی پەرتوك و كتێبخانەی زانكۆی سلێمانی، حەوتەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی كتێب لە سلێمانی بەناوی (خولی سەرۆك تاڵەبانی) دەكرێتەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە