.
10:02 PM - 02/10/2025
لە هەشتەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی شکۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆک (مام جەلال)
هاووڵاتییانی خۆشەویست..!
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان..
دانیشتوانی خۆڕاگری کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان..
ئەندام و لایەنگر و کادیران و جەماوەری دڵسۆزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان..
هەشت ساڵ لەمەوبەر، و لە رۆژی 3ی ئۆکتۆبەری 2017دا گەلەکەمان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؛ سەرکردەیەکی مەزن و تێکۆشەر، ئازادیخوازێکی گەورەی لە دەستدا، ئەو رۆژە لە بیرەوەری گەلەکەماندا رۆژێکی ماتەم و خەمناکە کە تیایدا دڵە میهرەبانەکەی رەوانشاد سەرۆك (مام جەلال) ڕابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی شۆڕشی نوێ، و سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدان کەوت، و بە یەکجاریی ماڵیٔاوایی لێکردین.
رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) یەکێک بوو لە دیارترین سەرکردە سیاسییە کاریگەرەکانی کورد کە بەردەوام لە پێناو پرسی نەتەوەکەی تێدەکۆشا، لەو پێناوەشدا سڵی لە هیچ شتێک ناکردەوە، لە خەباتی شاخەوە بۆ شار، لە نەبەردیی قەندیلەوە بۆ بەغدا هەر خۆی بوو، کارەکتەرێکی سەرەکی سەر گۆڕەپانی سیاسی بوو، رۆڵی مێژوویی گێڕا لە بەگژداچوونەوەی زوڵم و ستەم و دیکتاتۆری لە کوردستان و تەواوی عیراقدا.
رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) هەموو تەمەنی خۆی بۆ چەسپاندنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلەکەی، و بەدیهێنانی ئازادیی تەرخان کردبوو، رۆڵی دیار و حەکیمانەی رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) لە کوردستان و عیراق و ناوچەکە، نکۆڵی لێ ناکرێت، وەک سەرۆک کۆماریش رۆڵێکی کارا و یەکلاکەرەوەی هەبوو لە دامەزراندنی عێراقێکی فیدراڵی و دیمۆکراسی، لە دەستدانی خەسارەتێکی ئێجگار گەورە بوو بۆ کورد و تەواوی گەلانی عیراق.
لە هەشتەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی شکۆی نەتەوە و نیشتمان، سڵاو و نەوازش دەنێرین بۆ گڵکۆی سەرۆک (مام جەلال) ڕابەر و سەرکردەی نەمری گەلەکەمان، هەروەها پەیمان دوپات دەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی ئاوەدانی رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) درێژە بە خەبات و تێکۆشانی هەمە لایەنە بدەین تا بەدیهێنانی هەموو ئامانجەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکرات و فیدڕاڵ و تەوافقی کە رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) زیاتر لە شەست ساڵ خەباتی بێوچانی بۆکرد تا بەدیهێنانی کۆڵی نەدا و سەریخست.
سڵاو و نەوازش بۆ گڵکۆی رەوانشاد سەرۆک (مام جەلال) رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلەکەمان، و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
ئاسۆ مامەند
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە