کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەمڕۆ چارەنووسی مووچەی ئاب و ئەیلول یەكلایی دەبێتەوە

.

10:48 AM - 30/09/2025

  رێكارەكانی ناردنی مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا لە قۆناغەكانی كۆتاییدایە و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند سەعاتی داهاتوودا تەمویلی پارەی مووچەخۆرانی هەرێم بكرێت هاوكات هەرێم ئامادەكارییەكانی بۆ مووچەی مانگی هەشت تەواو كردووە و ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق چارەنووسی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆ  یەكلایی دەكاتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا بە گەلی كوردستانی راگەیاند، رێكارەكانی پارەداركردنی مووچەی مانگی حەوت لە وەزارەتی دارایی عیراق دەستیپێكردووە. پرۆسەكە بە ئیمزای تەیف سامی، وەزیری دارایی دەستپێكرد و دواتر نێردرا بۆ بەشی ژمێریاری و دڵنیایی لە بوونی پارەی پێویست لە بانكەكان ، پاشان بڕیاری خەرجكردنی دەدرێت. 

سەرچاوەكە ئەوەشی بە گەلی كوردستان وت، وەزارەتی دارایی هەرێم تەرازووی پێداچوونەوەی مووچەی مانگی هەشتیان تەواو كردووە و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عیراق لەسەر هێڵ، بۆ ئەوەی راپۆرتەكەیان بۆ بنێرن، سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، 120 ملیار دیناریش وەك داهاتی نانەوتی ئامادەیە و چاوەڕێی بڕیاری خەرجكردنی دەكەن لەلایەن بەغداوە.

سەرچاوەیەكیش لە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە قسەی بۆ گەلی كوردستان كردووە و وتوویەتی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەكات و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانەوە دەكات.

ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانە دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، بۆیە ئەگەری هەیە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری خەرجكردنی مووچەی مانگەكانی هەشت و نۆش بدرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat:V:11564 - 27500

سەرەوە