.
05:11 PM - 09/09/2025
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لەنوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری سلێمانی پێشوازیکرد لەژمارەیەک کەسایەتی و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان.
لەو کۆبوونەوەیەدا کەسکرتێری یەکێتی ژنانی کوردستان و موعەزەز خان پەرلەمانتاری دەم پارتی و نوێنەرانی کۆمسیۆنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان و کۆنگرە ستار و ژمارەیەک لەچالاکوانانی بواری داکۆکیکردن لەمافەکانی ژنان ئامادەیبوون، باس لەرۆڵی ژنان کرا لەهەلومەرجە جیاوازەکاندا بەتایبەت کەزۆربەی کات قوربانی سیستەمی نەریتی و سەرکوتگەرانە بوون لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆحی بەرەنگاربوونەوە و هیوایان بە گەشاوەیی ماوەتەوە و خەباتیان بۆ ئازادی و یەکسانی بەردەوام بووە.
لەم چوارچێوەیەشدا خاتوو شاناز رایگەیاند، ژنانی کورد بەبوێری و خۆڕاگری رۆڵیان بینیوە و چالاکانە بەشداربوون لەرێکخستنی خۆپیشاندان و چالاکییە سیاسییەکاندا پشتبەستوو بە بنەمای پرەنسیپەکانی یەکسانی، کەوایکرد ژنان وەک بابەتێکی سیاسی گەورەتر لە گۆڕەپانی گشتی ببینرێن.
لەم سۆنگەیەوە خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دووپاتیکردەوە کەپێویستە خەباتی نەتەوەیی بەرفراوان پەرەی پێ بدرێت کەژنان رۆڵی سەرەکی تێدا ببینن و ژنانی دانیشتوی وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوەش تێیدا بەشداربن و ئەزمونی خۆیان بخەنە خزمەت خەباتی نیشتمانییەوە بەجۆرێک لەمەسەلەی کوردایەتی و نەتەوایەتی دەرنەچێت.
ژنانی ئامادەبوو سەرباری پشتیوانیان بۆ هەوڵی یەکخستن و یەکدەنگی ژنان ئەوەشیان دووپاتکردەوە کەپێشڕەوی بۆ خەباتی نەتەوەیی بێ و بەدەربێ لەهەر ئایدۆلۆژیایەکی حزبی، لەم بارەیەوە، خاتوو شاناز رایگەیاند هەر ژنێک ئایدۆلۆژیا پێش خەباتی کوردایەتی بخات ئەوا نە باوەڕی بەژن و نە بەنەتەوەکەشی هەیە، گرنگە ژنان خۆیان ڕێکبخەنەوە تا پەرۆشتر بن لەسەر گەیاندنی پەیامی یەکڕیزی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە