کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئاکام عومەر چۆن بوو بە فەرماندەی هێزی کۆماندۆ

.

07:46 PM - 31/10/2022



 گەنجێکی خوێن گەرم و چالاک، ناوێکی دیار و درەوشاوەی ناو هێزەکانی پێشمەرگە، بە ئەمەک و بە وەفا بۆ هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، تێکۆشەرێکی ئازاو بوێر لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەدا، دڵسۆز و پاک لە کار و ئەرکەکانیدا، سادەیی و خاکی بوونی لەگەڵ دەوروبەردا، هەموو ئەمانە نازناوی فەرماندە خۆشەویستەکەی ناو خەڵک و هێزی پێشمەرگەی کوردستان فەرماندە ئاکام عومەرە.

 لە سەرەتاکانی دەرکەوتنی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و ناوچەکەدا لە ساڵی ٢٠١٤، ئەو کاتەی کە جیهان دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە، بەڕێز ئاکام عومەر بڕیار دەدات لەگەڵ هێزی هاوپەیمانانی ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانی داعش وەک وەرگێڕ لە ووڵاتی ئەمریکاوە بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان، پاشان کە مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاد دەبێت بڕیار دەدات خۆبەخشانە لە ڕیزەکانی پێشمەرگە خەبات دژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بکات و بجەنگێت بۆ بەرگریکردن لە پێناو نیشتیمان و خاکی پیرۆزی کوردستان.

ئازایی و بوێری و ووردبینی لە هێرشەکان و ڕووبەڕووبونەوەکانی لە سەنگەری دژ بە تیرۆریستانی داعش وایکرد ئاکام عومەر لای فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان ئومێدی زیاتری لەسەر هەڵچنرێ و ئەرکێکی قورستری پێ بسپێردرێت لە پێناو بەهێزتربوونی سەنگەرەکانی بەرگری هێزی پێشمەرگە و پاراستنی هەرێمی کوردستان، لای خۆیەوە بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا کە ئەوکات سەرکردایەتی شەڕەکانی دژ بە داعشی دەکرد لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بڕیار دەدات هێزێکی کۆماندۆی مەشق پێکراو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەڵمانیا لە ڕیزەکانی پێشمەرگە دروست بکات و بەڕێز ئاکام عومەر بکات بە فەرماندەی ئەو هێزە، ئیتر لێرەوە ئەرکەکانی فەرماندە قورستر دەبێت و توانا و شارەزایی و ئازاییەکەی زیاتر دەردەکەوێت، بەتایبەت لە داڕشتن و پلانەکانی دژ بە تیرۆریستان و کێوماڵکردنیان لە ناوچەکەدا بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، چەندینجار لە ڕووبەڕووبوونەوەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکانی کەرکوک و دوز خورماتوو ئەو یەکانەی دەکەوتنە نێو بۆسەی داعشەوە بە فەرماندەیی فەرماندە ئاکام عومەر ڕزگار دەکران، یەکێک لە ئاکارە جوانەکانی ئەو فەرماندەیە ئەوە بوو لە هەموو چالاکییەکان و ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە بە فەرماندەیی خۆی دەکرانە سەر مۆڵگە و بنکەکانی تیرۆریستانی داعش، هەمیشە هاوڕێ و هاوسەنگەرەکانی دەکرد بە پاڵەوانی سەرکەوتنەکان دوور لە ئاماژەدان بە خۆی، ئەمەش نیشانەی ڕەوشت بەرزی کەسی ئازا و دڵسۆزی خاک و نیشتیمانە، هەموو ئەم ئاکار و جولانەی کە ئەم فەرماندەیە لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە پێشکەشی کردووە دەردەخەری ئەوەن کە ئەم جۆرە کەسایەتییانە سامانێکی نیشتیمانیین بۆ تێکڕای گەل، دەبێت بە گرنگییەوە لە ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە کەسایەتییانە بڕوانرێت و بکرێن بە سیمبولی شانازی پاراستنی خاک و نیشتیمان لەسەر بناغەی پاکی و دڵسۆزیان بەرامبەر بە ئەرک و بەرپرسیارێتییان.

هەرێمی کوردستان هەمیشە ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە ناوچەکەدا بەرامبەر بە ڕووبەڕووبوونەکان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش بەرز نرخاندووە، کە بەردەوام پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە بوونە لە تێکشکان و هێرشەکان بۆ سەر بنکە و حەشارگە شاراوەکانیان و پاراستنی هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکان و فەراهەمکرندنی سەقامگیری ئاسایش و ئارامی ناوچەکە.

لە ٢٠٢٢/١٠/١٩ لە ئەرکێکی بەرپرسیارێتی و نیشتیمانیدا لە ئۆپەراسیۆنێکی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاشماوەکانی داعش لە سنووری تاوێرکەوە لە ناوچەی پەلکانە و زینانە لە گەرمیان، بۆمبێکی چێنراو بە هێزەکانی کۆماندۆی کوردستاندا دەتەقێتەوە، بە داخەوە لە ئەنجامی ئەم کردەوە تیرۆریستییەدا نەقیب (زوهێر محەمەد) شەهید دەبێت، هەروەها فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بەڕێز (ئاکام عومەر) و چەند پێشمەرگەیەکی تر بە سەختی بریندار دەبن، برینەکەی فەرماندە ئاکام لە هەموویان سەختتر دەبێت و دوای چەند ڕۆژ مانەوەی لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکەکان و باشتر بوونی دۆخی تەندروستی، تیمی پزیشکانی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ تیمی پزیشکانی ئەلمانیا بڕیار دەدەن فەرماندە ئاکام عومەر ببرێتە ووڵاتی ئەڵمانیا و لە ژێر چاودێرییەکی ووردی پزیشکانی ئەڵمانیا چارەسەر وەربگرێت بۆ باشتر بوونی دۆخی تەندروستیی و چاکبوونەوەی.


لێرەدا ئەوەی گرنگە بگووترێ ڕۆڵی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیایە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها کونسولخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، کە لە یەکەم ساتی برینداربوونی فەرماندە ئاکام عومەر لە نزیکەوە لە بارودۆخی تەندروستیان پرسیوە، جێگای ستایش و پێزانینە کاتێک پێشمەرگەیەک لەبەرەی دژ بە تیرۆریستان بە سەختی بریندار دەبێت و ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە، هاوپەیمانەکانمان لە هەرێمی کوردستان و لە بەرەی دژ بە تیرۆریستانی داعش یارمەتیدەرمان دەبن و بە پەرۆشەوە لە گیانی ئازایەتی و بوێری هاوبەشەکانیان کە هێزی پێشمەرگەیە دەڕوانن، فەرماندە ئاکام عومەر لە شەڕی ئازاد کردنی موسڵیش جارێکی تر بە سەختی بریندار بووە و هێزەکانی هاوپەیمانی ئەڵمانیا بردوویانەتە ئەڵمانیا بۆ چارەسەری پێویست و دورخستنەوەی مەترسی لەسەر لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هاوپەیمانەکانی دژ بە تیرۆر لەگەڵمان دەمێننەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری ئاسایش و ئارامی ناوچەکەمان و پاراستنی گیانی برا پێشمەرگەکانی سەنگەری بەرگری و پاراستنی هەرێمی کوردستان.

نووسینی: ڕێدار تەها

 ٢٠٢٢/١٠/٣١

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە