عیماد ئەحمەد 10:11 AM - 2026/11/01

عیماد ئەحمەد
هاوینی ساڵی ١٩٨٥، لە سێوسێنانی قەرەداخ، لە ماڵی کاک بەکری حاجی سەفەر، لەگەڵ مامۆستا موحسین، کاک عەلی شامار، کاک بەختیار، کاک دڵێر سەید مەجید و ڕووناک شێخ جەناب بووین. چاوەڕێی وەسفییە خان بووین کە لە شارەوە بێت؛ ئەمجارە وەک بووکی کاک عەلی شامار.

کاک عەلی لەگەڵمان دانیشتبوو؛ بە ڕیشێکی نەتاشراو، دەموچاوێکی عەرەقاوی و جلێکی چڵکنەوە، چاوەڕێی بووکەکەی دەکرد. ڕووناک سەیری کرد و بە قسەیەک کە هەم گاڵتە بوو و هەم سەرزەنشت، پێی وت:

ـ بۆ وا پیس و داوماویت؟ بەم ڕیشەوە چاوەڕێی بووکەکەت دەکەیت؟!

یەکسەر کافە خانی هاوسەری کاک بەکر، حەمامی بۆ ئامادە کرد. کاک عەلی ڕیشی تاشی، خۆی شۆرد و جلێکی تازەی لەبەر کرد. کاک بەکریش بە عەتری «تیرۆز» بۆنخۆشی کرد. زاوا ڕێک و پێک بووەوە و لە سەرووی مەجلس دانیشت. بەڵام چاوەڕوانی هەر چاوەڕوانی بوو؛ خۆشۆردن و عەتر نەیاندەتوانی کاتی چاوەڕوانی بۆی کورت بکەنەوە!

عەسر، لە ڕێگای شارەوە سەیارەیەکی لاندڕۆڤەر دەرکەوت. وردەوردە نزیک بووەوە و لە تەنیشت ماڵی کاک بەکری حاجی سەفەر ڕاوەستا. وەسفییە خان بە جلێکی شارییەوە دابەزی؛ جانتایەکی قاوەیی مامناوەند و پاکێتی گەزۆی تەوفیق حەڵواچی بەدەستەوە بوو. جانتاکەی دانا و گەزۆکەی خستە سەری. ئێمەش بە گەرمی پێشواریمان لێکرد، پاشان لەگەڵ مامۆستا موحسین کەوتە پیاسەکردن و گفتوگۆ؛ باس لە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و پرسە تیۆرییەکانی مارکسیزم دەکرد.

گفتوگۆکەیان درێژەی خایاند، کاک عەلیش وەقرەی نەدەگرت. بووک گەیشتبوو، بەڵام ئەو هێشتا دەبوو چاوەڕێ بکات!

لەناکاو ڕووناک هاواری کرد:

ـ وەسە! واز لەم پیاسە و گفتوگۆیە بێنە، کاک عەلی چاوەڕێیە!

هەموومان کەوتینە پێکەنین و دەستخۆشیمان لە ڕووناک کرد. کاک عەلیش بزەیەکی کرد و حەسایەوە.

کاک بەکر وتی:
ـ ئەم ئێوارەیە، بۆ خۆشیی وەسفییە خان و کاک عەلی، لای ئێمە دەعوەتن. گێسکێکی باشمان لە پێنجوێنەوە بۆ هاتووە؛ لەگەڵ قوبڵێیەکی سەر دار، کافە و منداڵەکان بۆتانی ئامادەی دەکەن.

کاک بەختیاریش وتی:
ـ منیش بتڵێک ویسکیی نایابتان بۆ دێنم.

کاک دڵێر وتی:
ـ من خەریکی عەرەقی خۆم دەبم.

کاک عەلیش وتی:
ـ من مەشرووبم پێ ناخورێتەوە؛ بە پەرداخێک ماستاو خەوم ڵێدەکەوێ!

منیش وتم:
ـ «كلٌّ حسب رغبته»؛ هەر کەسێک بە ئارەزووی خۆی.

ئەو شەوە یەکێک لە شەوە خۆشەکانی  ژیانی پێشمەرگایەتیم بوو.

ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو عەسرەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا دەنگی ڕووناک، هاوڕێی دێرینم، و پێکەنینی هاوڕێکانم لە گوێدایە. بۆنی عەتری تیرۆزیش لە بیرەوەریمدا ماوەتەوە؛ لە ڕۆژگارێکدا کە بۆنی بارووت بەشێک بوو لە ژیانی پێشمەرگە.

ئێمە لەو سەردەمەدا بە سیاسەت و خەباتەوە سەرقاڵ بووین. گفتوگۆی ڕێکخستن و تیۆری و داهاتووی کۆمەڵگە، تەنانەت لە ڕۆژی شاییشدا لەگەڵمان بوو. ئەو سەرقاڵییە لە باوەڕمانەوە دەهات؛ دەمانویست ژیان بگۆڕین. ژیانیش لە هەمان کاتدا لە تەنیشتمان دانیشتبوو؛ لە دڵەڕاوکێی زاوا، لە جانتای بووک، لە میوانداریی ماڵێک و لە پێکەنینی هاوڕێیاندا خۆی دەنوواند.

هاوارەکەی ڕووناک ئەمڕۆش ئەوەم بیر دەخاتەوە کە لەناو هەموو گفتوگۆ گەورەکاندا، نابێت ئەو مرۆڤە لەبیر بکەین کە لە بەرامبەرمان چاوەڕێیە. ئەوەی خەباتمان بۆ دەکرد، دەبوو ڕۆژێک لە ژیانی ئەودا بەدی بێت؛ لە ئاسایش و نان و ئازادی و دەرفەتی دڵخۆشبوونیدا.

لە حەمامەکانی خانەقینەوە تا ئەو شاییەی سێوسێنان، خەڵک بە دەستی خۆیان گەرمییان دەبەخشییە ژیان. هەژاری و تەنگانە و مەترسی هەبوو، هەوڵی دۆزینەوەی خۆشییەکی بچووکیش هەبوو. خێزانی کاک بەکر بە حەمامێکی ئامادەکراو و کەمێک عەتر، دەعوەتێک بەشداریی شادیی دوو مرۆڤیان کرد. ئەو بەشدارییە سادە و گەرمە لەبیر ناچێت.

دەنگی کاک نیهاد ئەو شەوە خانەقینی گەڕاندەوە بۆ ناو جێگاکەم؛ خانەقینیش دەستی گرتم و بردمییەوە بۆ ئەو عەسرەی سێوسێنان. لەگەڵ گەرمیی ئەو یادەوەرییەدا، پرسیارێکیش لە دڵمدا زیندوو بووەوە: ئەو ژیانەی بۆی خەباتمان دەکرد، چەندەمان بۆ خەڵک دابین کردووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت لە ماڵ و سفرە و ڕووخساری خەڵکدا بدۆزینەوە.

کاک عەلی ئەو ڕۆژە چاوەڕێی شادییەکەی بوو، سەرئەنجام چاوەڕوانییەکەی کۆتایی هات. خەڵکیش مافیانە بەشی خۆیان لە شادی و ئارامی ببینن؛ تەمەنی مرۆڤ نابێت هەر بە چاوەڕوانیی ژیانێکی باشتر تێپەڕێت.

وتارەکانی نوسەر