عیماد ئەحمەد 10:33 AM - 2026/10/27

 عیماد ئەحمەد

هەر کاتێک ژاوەژاوی ئەمڕۆ سەر و دڵم دەگرێت، بیرم دەگەڕێتەوە بۆ جەلەوە و رۆژانی منداڵیم؛ بۆ ئەو دنیایەی کۆڵانێک نیشتمانمان بوو؛ یارییەک هەموو خەونمان. تۆپێک،  یان قسەیەک بەس بوو لە یەکتر هەڵبچین؛ هەر یەکەمان خۆمان بە خاوەنی هەق بزانین و چاوەڕێ بکەین ئەوی تر هەنگاوی ئاشتبوونەوە بنێت. یارییەکە دەوەستا و کۆڵانەکە لەبەرچاومان تەنگتر دەبووەوە، بەڵام دڵی منداڵ جێگایەکی زۆری بۆ کینە نەبوو؛ ناکۆکییەکە بچووک دەبووەوە و کۆڵانەکە فراوانیی خۆی وەردەگرتەوە، چونکە دەمانزانی بە تەنیا یاریی ناکرێت.
ئەم بەیانییە، پێش ئەوەی پەنجەرەی ژوورەکەم بکەمەوە، پەنجەرەی مۆبایلەکەم کردەوە؛ ژوورەکەم پڕ بوو لە هاوار. بوختانێک بە جوێنێک وەڵام دەدرایەوە و هەر کەسێک هەوڵی دەدا بە نزمکردنەوەی ئەوی تر، خۆی بەرز بکاتەوە. لە خۆم پرسی: ئێمە گەورە بووین، ئەی بۆچی دڵمان تەنگتر بووە؟ چۆنە هێشتا لەسەر تۆپەکە شەڕ دەکەین، کەچی کۆڵانەکە لەبیر دەکەین؟
لەو ژاوەژاوەدا، چارەنووسی میللەت و نیشتمان وەک منداڵێکی ونبووە کە کەس بەدوایدا ناگەڕێت. وشەیەک، وێنەیەک، یان هەڵەیەکی تاکەکەسی دەکەینە بابەتی چەند رۆژ مشتومڕ، بەڵام نان، کار، دادپەروەری، یەکڕیزی و داهاتووی نەوەکان لە پەراوێزدا دەمێننەوە. وردەکارییەکان هێندە گەورە دەکەین کە نیشتمان لە پشتیانەوە دیار نامێنێت.  کەناری ئەڵوەنم هاتەوە یاد؛ بەردێکی بچووک بازنەی گەورە لەسەر ئاو دروست دەکات، پاشان بازنەکان ون دەبنەوە و رووبارەکە بە رێگای خۆیدا دەڕوات. ئێمەش رۆژانە بەردێک دەخەینە ناو ژیانی یەکتر و تا ئێوارە بازنەکانی دەژمێرین؛ کەچی ناپرسین رووبارەکە بۆ کوێ دەڕوات و چەند ئاوی تێدا ماوە.
لە بارودۆخێکی پڕ لە قین و ناکۆکیدا، بانگی ئاشتی بە لاوازیی دادەنرێت و داوای گفتوگۆ گومانی لێدەکرێت. لە بەشێکی سۆشیال میدیادا، جوێن دەبێتە ئازایەتی و بوختان جێگای بەڵگە دەگرێتەوە؛ قسەی ئارامیش لە ژێر هاوارەکاندا ون دەبێت، بەڵام منیش لەو تاقیکردنەوەیە بەدەر نیم؛ ئەگەر قینی ئەوان منیش بەرەو جوێن و بوختان ببات، تەنیا دەنگێکی ترم بۆ ژاوەژاوەکە زیاد کردووە. ئاگر بە ئاگر ناکوژێتەوە و بە شکاندنی کەرامەتی یەکتر، کەرامەتی نیشتمان ناپارێزرێت.
رەخنە پێویستە و لێپرسینەوە مافی خەڵکە. هەڵەیەکی بچووکیش دەکرێت نیشانەی کێشەیەکی گەورە بێت، بەڵام دەبێت بپرسین: ئەم مشتومڕە کام هەڵەیە راست دەکاتەوە؟ کام ماف دەگەڕێنێتەوە؟ میللەتێک کە هەموو وزەی خۆی بۆ وەڵامدانەوەی یەکتر تەرخان بکات، چی بۆ بنیاتنانی داهاتووی دەمێنێتەوە؟
مۆبایلەکەم دانا و پەنجەرەی رۆحم کردەوە. رووناکیی بەیانی کەوتە سەر بیر و هۆشم. لە «Notes»ی موبایلەکەم ئەمەم نووسی: لە سەردەمی منداڵیدا، بۆ بەردەوامبوونی یاریی فێری ئاشتبوونەوە دەبووین؛ ئەمڕۆ بۆ داهاتووی منداڵەکانمان پێویستمان بەو وانەیە هەیە. با وردەکارییەکان هێندە گەورە نەکەین کە نیشتمان لە دڵماندا جێگای نەبێتەوە. ئەگەر هەر یەکەمان بەردێک لە دیواری ماڵە هاوبەشەکەمان هەڵکەنین و بە سەری یەکتریدا بکێشین، سبەی سەقفێک نامێنێت تا منداڵەکانمان لە ژێریدا پەنا بگرن.
بۆ بەهێزترکردنی وتارەکە دۆستێکی خۆشەویستم ئەم دێرانەی کۆتایی زیاد کرد: «وەرن با نیشتمان بکەینە هەرێمی گەشاوەی ژیان و پەنا بەرینە بەر ئەم شیعرە بەرزەی مامۆستا هێمن، کە خۆی پەند و ئامۆژگاری و وانەیەکی مەزنە و پێش هەموو بەرژەوەندییەک رادەوەستێ:
لە شاییدا لە وەختی هەڵپەڕینا
لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە».

وتارەکانی نوسەر