عیماد ئەحمەد
گفتوگۆیەکی خەیاڵی لە نێوان کاک ئارام و کاک ئازاد هەورامی
لە سەنگەرەوە بۆ دەرگای دەسەڵات، ڕێگا بەو بەڵێنانە دەپێورێت کە جێبەجێ کراون. لە سەنگەردا نان بەش دەکرا و خەونی ئازادی هی هەمووان بوو؛ لە دەسەڵاتداش دەبێت ماف و دەرفەت بۆ هەمووان بێت. تاقیکردنەوەکە لێرە دەست پێدەکات: ئایا ئەو دەرگایەی بە ناوی خەڵک کرایەوە، هێشتا بە ڕووی خەڵکدا کراوەیە؟
بەیانی زوو لە تەنیشت پەنجەرەی ژوورەکەم دانیشتبووم. قاوەکەم سارد ببووەوە و بیرەکانم ئارامییان نەدەدام. دوو کورسیی بەرامبەرم بەتاڵ بوون. لە خەیاڵمدا کاک ئارام و کاک ئازاد هەورامی هاتن و دانیشتن؛ بە هەمان ڕووخسار و گەرمییەی لە یادمدا مابوون.
کاک ئارام چاویلکەکەی پاک کردەوە و سەیری دەرەوەی کرد:
ـ ئازاد، جاران خەڵک دەرگای ماڵیان بۆ دەکردینەوە؛ ئەمڕۆ دەرگای دەسەڵات بە ڕووی ئەواندا کراوەیە؟
کاک ئازاد کەمێک بێدەنگ بوو، پاشان وتی:
ـ وەڵامەکە لە ژیانی ئەو خەڵکەدایە؛ لە نانی سەر سفرەیان، لە دەرفەتی کاری گەنجەکانیان و لە ئایندەی منداڵەکانیاندا.
ـ ئەی ڕەخنەکانیان؟
ـ دەبێت بیانبیستین و کێشەکانیان چارەسەر بکەین. متمانە بە کردار دەگەڕێتەوە.
گوێم لێیان بوو. بیرم لەو ماڵانە دەکردەوە کە لە ڕۆژانی سەختدا پەنامان بوون؛ لەو دایکانەی نانی کەمی خۆیان لەگەڵمان بەش دەکردن و لەو باوکانەی شەوان دەبوون بە ڕێنیشاندەرمان«دەلیل»مان بۆ پەڕینەوە بە جادەکانی ژێر چاودێریی ڕژێمدا. ژیانی خۆیان و خێزانەکانیان دەخستە مەترسییەوە، بەڵام دەرگایان بە ڕووماندا نەدەداخست. بە هیوای ژیانێکی باشتر پشتیوانیان لێ دەکردین؛ ئەو هیوایە ئێستاش بەرپرسیارێتییەک دەخاتە ئەستۆمان.
یەکێتی، کە لەناو خەڵکەوە هەڵقوڵاوە، بە نزیکی لە خەڵک بەهێز دەمێنێتەوە؛ بە بیستنی ناڕەزایی، ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی کەمتەرخەم. خەڵک دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەیاندا هەست بە بەرهەمی خەبات و قوربانییەکانیان بکەن.
کاک ئارام وتی:
ـ خەڵک دەیانزانی ڕەنگە لەبەر پەناپێدانمان ماڵیان بسووتێندرێت، کەچی دەرگایان بۆ دەکردینەوە. هەر بۆیە قەرزەکەمان قورسە. ئێستا ئەگەر کوڕی یەکێک لەوان بێتە دەرگامان، دەبێت کێ بناسێت تا دەرگای بۆ بکرێتەوە؟
کاک ئازاد دەستی لەسەر ژێکانی گیتارەکە هەڵگرت:
ـ دەبێت مافەکەی بەس بێت بۆ چوونە ژوورەوە.
کاک ئارام هەناسەیەکی هەڵکێشا:
ـ خەمم هەر ئەوەیە؛ نێوان ئەوەی دەبێت هەبێت و ئەوەی هەیە، هەندێک جار زۆر دوورە.
گەیشتن بەم ڕۆژە و هەبوونی هەرێم و دامەزراوەکان، دەستکەوتێکی مەزنە؛ خوێنی هەزاران شەهید و ڕەنجی چەندین نەوە لە پشتی ئەم دەستکەوتەیە. پاراستنی ئەم دەستکەوتەش لە خۆشگوزەرانیی خەڵک و متمانەیان بە دەسەڵات بەرجەستە دەبێت.
کاک ئارام درێژەی دا:
ـ لە شاخدا کە هەڵەیەکمان دەکرد، زۆر جار ئاکامەکەمان بە چاوی خۆمان دەبینی. ئێستا بڕیارێک لە ژوورێکی ئارام دەدرێت و ئازارەکەی دەگاتە ماڵێک کە بڕیاردەر هەرگیز پێی تێنەناوە.
کاک ئازاد وتی:
ـ جاران هەمان نانی خەڵکمان دەخوارد؛ برسێتییان بەشێک بوو لە ژیانمان. ئەمڕۆ دایکی شەهیدێک کە چاوەڕێی مووچەکەیەتی، لە بەرامبەر هەموو ئەو باسە درێژانەی ناکۆکی و بەربەستە سیاسییەکاندا، یەک پرسیاری هەیە: «نانی ئەم منداڵانە بە چی بکڕم؟»
کاک ئارام سەری لەقاند:
ـ دوێنێ ئەوان پەنای ئێمە بوون؛ ئەمڕۆ نۆرەی ئێمەیە.
بۆ ساتێک بێدەنگ بوون. قسەکانیان لە ناخمدا دەنگیان دەدایەوە. لەگەڵ هەموو خەمەکەشدا، گەرمیی هاوڕێیەتییان لە ژوورەکەدا هەبوو؛ هەمان گەرمیی ڕۆژانی سەخت، کە قسەیەکی خۆش هێزی بەردەوامبوونی پێ دەبەخشین.
کاک ئارام سەیری منی کرد و وتی:
ـ ئازاد، عیماد غەمی لێ دەبارێت. گیتارەکەت هەڵگرە و «مرا ببوس»مان بۆ بڵێوە؛ با دڵی کەمێک بکرێتەوە. منیش ئەو بیرانەی دەربارەی جیهان و ناوچەکە و عیراق و هەرێم هەمە، دەخەمە سەر کاغەز.
پەنجەکانی ئازاد بە نەرمی بەسەر ژێکانی گیتارەکەدا ڕۆیشتن. دەنگەکەی ژوورەکەی پڕ کرد و من لە ناخەوە سوپاسگوزاری هەردووکیان بووم.
لە دەرەوە، پیاوێک لەبەردەم دەرگا چاوەڕێ بوو. کاک ئارام بینی و هەستا. کاک ئازاد گیتارەکەی دانا و لەگەڵی ڕۆیشت.
من مامەوە و دوو کورسیی بەتاڵ و قەڵەمێک لە دەستمدا. لەسەر کاغەزەکە نووسیم:
یەکێتی و ڕێبازی سەرۆک مام جەلال وایان فێرکردووین: وەفاداری بۆ ڕابردوو، لە خزمەتکردنی بێمەرجی خەڵکی ئەمڕۆدا دەردەکەوێت. ئەو خەڵکەی دوێنێ دەرگای ماڵیان بۆ ئێمە کردەوە، نابێت ئەمڕۆ لەبەر دەرگای ئێمە چاوەڕوان بمێننەوە.