ئەمریكا بەشێك لە دیپلۆماتكارانی لە سعودیە كشاندەوە و نرخی نەوتیش بەرزبووەوە

کوردستان 10:00 AM - 2026/10/22

رۆژی پێنجشەممە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كرد، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشە نوێیەكانی حووسییەكان بۆ سەر سعودیە وای لە ویلایەتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا كرد فەرمان بە بەشێك لە دیپلۆماتكاران و كەسوكاریان بكات نوێنەرایەتییەكانی واشنتن لەو شانشینە بەجێبهێڵن.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.29 دۆلار یان بە رێژەی 1.2% بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێكی بە 110.11 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا. هاوكات نرخی نەوتی خاوی تەكساسی ئەمریكاش 97 سەنت یان بە رێژەی 1% بەرزبووەوە بۆ 98.12 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك. لێپرسراوانی ئەمریكاش بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پلانی هەیە كەسوكاری دیپلۆماتكارانی لە چەندین نوێنەرایەتیی دیكەی ناوچەكەش بكشێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەكەمی 2026، حووسییەكانی یەمەن چەندین ئامانجیان پێكا بە جۆرێك لە هێرشێكدا بۆ سەر فڕۆكەخانەیەكی مەدەنی لانیكەم كەسێك كوژرا و هەشتی دیكەش بریندار بوون، هەروەها لە هێرشێكی درۆنیدا بۆ سەر كێڵگەیەكی نەوتی سعودیە دوو كەس كوژران. 
هاوكات، میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە كە دەنگی ژمارەیەك تەقینەوە لە شاری (سیریك) لە باشووری ئێران بیستراوە، بێ ئەوەی هۆكار و شوێنی تەقینەوەكان ئاشكرا بێت.
لە لایەكی دیكەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند تاران لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرگریكردن لە خۆی لە هەمان كاتدا مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئێران وتی واشنتۆن ناتوانێت لە كاتێكدا گەمارۆ دەخاتە سەر ئێران و هەڕەشەی لێدەكات، چاوەڕوانی دانوستان بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو