ئەمڕۆ چوار شەممە 21ی10ی2026 كۆنفرانسی نێودەوڵەتی شۆڕشی نوێ لە باشووری كوردستان (1976 - 1991) بە دروشمی "شۆڕشی نوێ ئەستەمی گۆڕی بۆ راستی" بۆ دووەمین رۆژ و کۆتا رۆژ لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت، کە كۆنفرانسەكە بەهاوبەشی مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچێت.
لەوبارەیەوە د. پاڤێ جەمیل، سەرپەرشتیاری كۆنفرانسەكە راگەیاندبوو: ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە ئامادەكاریی بۆ كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكە دەكرێت و لە 10ی 3ی 2026 ەوە راگەیەندراوە، هەروەها لە 11ی 3ی 2026 ەوە تاوەكو 1ی 5ی 2026 پوختەكان وەرگیراون و لە 10ی 5ی 2026، وەڵامی پوختە پەسند كراوەكان دراوەتەوە، هاوكات لە 11ی 5ی 2026 ەوە تاوەكو 11ی 8ی 2026 توێژنەوەكان وەرگیراون و لە 12ی 9ی 2026 وەڵامی توێژینەوە پەسند كراوەكان دراوەتەوە و چەندین میوانی ناوخۆیی و دەرەكی بەشداریی كۆنفرانسەكە دەكەن.
دوێنێ سێ شەممە 20ی10ی2026 یەکەمین رۆژی کۆنفرانسەکە بوو، ئەمڕۆ دووەمین رۆژیەتی، کە لە هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی ئەنجام دەدرێت و تێیدا 56 توێژینەوە پێشكەش بە كۆنفرانسەكە كراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بۆ یەكەمینجارە كۆنفرانسی نێودەوڵەتی شۆڕشی نوێ لە باشووری كوردستان (1976 - 1991) بە دروشمی "شۆڕشی نوێ ئەستەمی گۆڕی بۆ راستی" ئەنجام بدرێت، كە ئامانج لێی خوێندنەوەیەكی نوێ و ئەكادیمییە بۆ دەستپێك و سەروەریی ئەو شۆڕشە، هەروەها هاندانی مامۆستایانی زانكۆو توێژەرانە بۆ گرنگیدان و دەرخستنی لایەنە جیاوازەكانی ئەو شۆڕشە.