لە هۆڵی كۆنگرێسی زانكۆی سلێمانی، كۆنفرانسی نێودەوڵەتی شۆڕشی نوێ لە باشووری كوردستان (1976 - 1991) بە دروشمی (شۆڕشی نوێ ئەستەمی گۆڕی بۆ راستی) بەڕێوەدەچێت، كۆنفرانسەكە بەهاوبەشی مەڵبەندی دیراساتی گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكانی زانكۆی سلێمانی رێكخراوە. ئەمڕۆ دووەم رۆژی كۆنفرانسەكە بەپێشكەشكردنی ژمارەیەك پانێڵ بەردەوام دەبێت.
لە یەكەم رۆژی كۆنفرانسەكەدا، لەبارەی بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسەكە، دكتۆر یوسف گۆران ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتارێكیدا رایگەیاند، چەند هۆكارێكی سەرەكی هەن، یەكێك لەوانە ئەوەیە شۆڕشی نوێ لە باشووری كوردستان تا ئێستا لەڕووی ئەكادیمی و زانستییەوە مافی خۆی پێنەدراوە. تەئكیدی لەوەكردەوە، مێژووی شۆڕشی نوێ جیاواز نییە لە مێژووی هاوچەرخی گەلی كورد و وتی، شۆڕشی نوێ لە باشووری كوردستان مێژووی هاوچەرخی گەلی كوردە. د. یوسف گۆران ئاماژەی بەوەكرد، لەو كاتەدا سەركردایەتی و كادرانی یەكێتی توانیویانە گەلی كورد لە نەهامەتی، راگواستن و مەترسییەكان بپارێزن. هاوكات داوایكرد و بەگرنگیزانی، زیاتر گفتووگۆ لەسەر مێژووی شۆڕشی نوێ بكرێت.
هەروەها عومەر شێخ موس، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتاری خۆی پێشكەشكرد و تێدا تەئكیدی لەوە كردەوە كە پێویستە بەشێوەیەكی ئەكادیمی و زانستییانە كار، خەبات و تێكۆشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی نوێ مافی خۆی پێبدرێت، ئەوەش بەمەبەستی سود وەرگرتن لە ئێستا و داهاتوودا.
بۆ یەكەمینجارە كۆنفرانسی نێودەوڵەتیی شۆڕشی نوێ لە باشووری كوردستان (1976 - 1991) بە دروشمی (شۆڕشی نوێ ئەستەمی گۆڕی بۆ راستی) بەڕێوەبچێت، كە ئامانج لێی خوێندنەوەیەكی نوێ و ئەكادیمییە بۆ دەستپێك و سەروەریی ئەو شۆڕشە، هەروەها هاندانی مامۆستایانی زانكۆو توێژەرانە بۆ گرنگیدان و دەرخستنی لایەنە جیاوازەكانی ئەو شۆڕشە.