ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندیدا لەسەر گرێبەستی كڕینی (600 بۆ 1000) هەزار مێگاوات كارەبا لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عیراق.
دوێنی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق یەكەم دانیشتنی بەئامادەبوونی وەزیرە نوێیەكان ئەنجامدا، لەسەرەتادا سەرۆك وەزیرانی عیراق بەخێر هاتنی كردن و سوێندی دان، كە بەهیچ جۆرێك كار بۆ بەرژەوەندیی كەسی وحزبی و هێزی بیانی نەكەن، هەروەها هەموو هەوڵێكیان بۆ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عیراق بێت.
دواتر و لەهەمان دانیشتندا ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق باسی لەگرفتەكانی كەرتی كارەبا كرد و پێشنیاری وەزارەتی كارەبا بۆ ئیمزاكردنی ژمارەیەك گرێبەست بەمەبەستی هاوردەكردنی كارەبا لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ عیراق بەبڕی ( 600 بۆ 1000) مێگاوات گفتووگۆی لەبارەوە كراو و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر ئیمزا كردنی گرێبەستەكەدا، هەر سەبارەت بەكەرتی كارەبا بڕیاردرا گومرگی لەسەر سیستمەكانی وزەی خۆری هاوردەكراو بۆ عیراق بە تەواوی بكرێتە سفر.لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە ،ئەم بڕیارە وەك پشتیوانییەكە بۆ كەرتی تایبەت و هاندانی هاووڵاتییان بۆ كڕین و بەكارهێنانی سیستمەكانی وزەی خۆر و پاك لە سەرانسەری وڵات.
هاوكات ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، باجی گومرگیی سەر هێلكە، مریشك، گۆشت و ئاژەڵ، لەگەڵ دەرمانی هاوردەكراو تا 31ـی كانوونی یەكەمی 2026 بكرێتە سفر.