عیماد ئەحمەد
لە بەغداد، کۆڵانێک بنبەست بوو؛ بەڵام ئەو خەونەی مولازم جوامێر لەگەڵ خۆیدا ،هەڵیگرتبوو بە دیواری کۆڵانەکە کۆتایی نەدەهات.
هەر جارێک بیر لەو ساتە دەکەمەوە، پرسیارێک لە ناخمدا سەر هەڵدەدات: مرۆڤێک کە لە زیندانی ئەمنی عامەدا دەرباز دەبێت، لە کۆڵانەکانی بەغداد چ هەستێکی هەیە؟ هەوای ئازادی هەڵدەمژێت، یان هێشتا بۆنی زیندان لە هەناسەیدا ماوە؟ سەیری دواوە دەکات، یان چاوەکانی تەنیا بەدوای ڕێگەیەکی کراوەدا دەگەڕێن؟
من ئەو ساتەم نەبینیوە؛ بەڵام ساڵانێکە لە خەیاڵمدا لەگەڵیدا دەژیم. بۆ تێگەیشتن لەو ڕێگەیەش، بیرم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی لە هەرێمی پێشڕەو کاری ڕێکخراوەییمان دەکرد، لەگەڵ شەهید سادق شەریف، مامۆستا موحسین، مامۆستا جەعفەر، دڵشاد مەولود وبەندە کارمان دەکرد. و پەیوەندیمان بەو رێکخراوە تێکۆشەرە بوو.
دوای کوشتنی عوسمان مەحەمەد فایق، لە ڕۆژی16ی حوزەیرانی1977 لە گۆڕەپانی خەلانیی بەغداد، هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی چەند چالاکییەکی پێشمەرگانەی دیکە لە ناو پایتەخت واتە بەغداد، هاوڕێیان مولازم جوامێر، سەلام، سەڵمان، عادل، جەمال و شێرۆ ئەندامانی «هەڵۆی سوور» لە ناوەڕاستی مانگی ئابی هەمان ساڵدا، لەلایەن ئەمنی عامەوە لە بەغداد دەستگیر کران. دوای ماوەیەکی کورت، لە ڕێگەی زیندانییەکی ئازادکراوەوە ئاگادار کراینەوە کە هاورییانی هەڵۆی سوور بەتەمان لە زندان ڕابکەن، بەرنامەی شکاندنی زیندان و دەربازبوونیان هەیە: مولازم جوامێر، سەلام، سەڵمان، عادل، جەمال و شێرۆ. هەر ناوێک، ڕووخسارێک و دەنگێک و یادەوەرییەکی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا.
لەو کاتەوە، چاوەڕوانی بوو بە بەشێک لە ژیانمان. دەکرا شەوێک دەرگامان لێ بدرێت و هاوڕێیەکی ماندوو لە پشت دەرگاکە ڕاوەستابێت؛ جەستەی پڕ لە ئازار بێت و چاوەکانی هێشتا بریقەیان تێدا مابێت. ژوورێکی بچووکمان دەیتوانی ببێتە پەناگەی کەسێک کە لە نێوان مەرگ و ژیانەوە هاتبوو. گوێمان لە هەواڵ بوو، دڵمان لە بەغداد؛ ئومێدمان بە قەد باڵای قەندیل بەرز بوو.
وایاندەزانی دەگوێزرێنەوە بۆ زیندانی «فچیلیە» و لەوێ بەرنامەکەیان جێبەجێ بکەن؛ بەڵام نەگواسترانەوە، بۆیە هەوڵی ڕاکردنەکەیان لە ئەمنی عامە ئەنجام دا؛ شوێنێک کە دەسەڵات دەیویست مرۆڤ تێیدا لە خۆی بترسێت و متمانەی بە ئیرادە و باوەڕی خۆی نەمێنێت.
هەڵۆکان لە هۆڵێکی کۆنکرێتیی بێپەنجەرەدا بوون؛ هۆڵێک کە بە چەند قاویش قەفەسئاسای ئاسنی دابەش کرابوو و پڕ بوو لە زیندانی. کورد و عەرەب و تورکمان، موسڵمان و مەسیحی، عەلمانی و ئیسلامی، چەپ و ڕاست؛ جیاوازیی نەتەوە و ئایین و بیروباوەڕ ڕێگری لە هاوبەشیی ئازاریان نەدەکرد.
پلانەکە مولازم جوامێر و سەلمان دایانڕشتبوو: ئەو کەمە خوێیەی ڕۆژانە لەگەڵ خواردن بۆیان دادەنرا، وردەوردە کۆی بکەنەوە و لە ڕۆژی جێبەجێکردنی پلانەکەدا بە چاوی پاسەوانەکەیدا بیکەن. جوامێریش، کە پیاوێکی بەهێز و بەتوانا بوو، پەلاماری پاسەوانەکە بدات و دەرفەت بۆ هاوڕێیانی بڕەخسێنێت خۆیان دەرباز بکەن؛ پاشان خۆیشی بەدوایاندا رابکات.
لەوێ، بە ئاماژە و تیلەی چاو، کاتی ڕاکردنەکەیان دیاری کردبوو. لەو چاوگێڕانانەدا هەم نیگەرانی هەبوو، هەم بڕیارێک کە بە دەنگ نەدەگوترا. کاتێک ئەو دیمەنە لە خەیاڵمدا زیندوو دەکەمەوە، ئەم گفتوگۆیەیان بۆ وێنا دەکەم:
سەلام بە چرپە دەڵێت:
ـ هاورێ جوامێر، لە دەرەوەش هەر ڕاومان دەنێن.
جوامێر وەڵامی دەداتەوە:
ـ دەزانم؛ بەڵام هاوڕێکانمان چاوەڕێن و کارمان زۆر ماوە.
سەڵمان چاوی بە قەفەسەکاندا دەگێڕێت:
ـ ئەوانەی لێرە دەمێننەوە، چییان بۆ بکەین؟
جوامێر بە دەنگێکی نزم دەڵێت:
ـ هەر کاممان دەرباز بوو، دەبێت بە خەڵک بڵێت چی بەسەر ئەمانەدا دێت.
سەلام سەیری هەردووکیان دەکات:
ـ کەواتە، دەنگی ئەوانیش لەگەڵ خۆمان دەبەین.
ئەمە وێناکردنی منە بۆ ئەو بەرپرسیارێتییەی لە هەوڵەکەیاندا دەیبینم. مەبەستیان تەنیا ڕزگارکردنی گیانی خۆیان نەبوو؛ دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ خەبات و بەرنامەی ڕێکخراوی «هەڵۆی سوور» لە پایتەختی عێراقدا، وەک دەستپێکی شۆڕشێکی نوێ، جێبەجێ بکەن.
بەڵام هەوڵەکەیان نەگەیشتە ئامانجی کۆتایی. مولازم جوامێر لە ئەمنی عامە دەرباز بوو، بەڵام لە کۆڵانێکی بنبەستی بەتاوین، پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تاوان دووبارە دەستگیری کردەوە. سەڵمان داودیش لەسەر دیواری ئەمنی عامە بریندار کرا. هەڵۆکانی دیکەشیان لە ناو ئەمنی عامە باڵیان شکێنرا.
دواتر بۆ دادگای شۆڕشی بەدناو بران و حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرا. پاشان گوازرانەوە بۆ زیندانی ئەبوغرەیب و لە ڕۆژی10ی نیسانی1978« جوامێر، سەلام، سەڵمان، جەمال، عادل و شێرۆ » شەهید کران و چوونە ڕیزی کاروانی «کەم بژی، کەڵ بژی»یەوە. سەڵمان بە برینداری بردرا بۆ سێدارە.
هەمیشە لەسەر ئەو دەربڕینە ڕادەوەستم: بە برینداری لە سێدارە درا.
مرۆڤێک کە برینەکەی پێویستی بە دەرمان و دەستێکی مرۆڤدۆستی هەبوو، بردیان بۆ سێدارە. لەوێدا دەسەڵات ڕووخساری خۆی بە تەواوی پیشان دا؛ تەنانەت لە جەستەیەکی برینداریش دەترسا، چونکە هێشتا ئیرادەی تێدا مابوو. ئەو ئیرادەیە لە خەباتی بەردەوامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا درێژەی پێ درا و ئاواتەکەیان لەگەڵ خۆیاندا نەچووە ژێر خاک.
ڕۆژێک دوای لەسێدارەدانیان، لە11ی نیسانی1978، منیش لە ناو پەیمانگای تەکنەلۆژیای زەعفەرانیەی بەغداد دەستگیر کرام و کەوتمە ناو زیندانی ئەمنی عامەوە. زیاتر لە سەد ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیدا مامەوە. تەسکیی دیوارەکان و ترس و تۆقاندن دەڕژانە ناو جەستەم و ئەشکەنجە سنووری نێوان شەو و ڕۆژی دەسڕییەوە. لەوێ مردنی خۆم بە چاو بینی. هەر جارێک دەرگاکە دەکرایەوە، نەمدەزانی دیسان دەگەڕێمەوە ئەو ژوورە، یان ئەم جارە دوا هەناسەم لە دەرەوەی دەبێت.
من ئازاری مانەوە لەو شوێنەم چێشت؛ ئەوان لە ناو هەمان ترس و ئازاردا، هێزی هەوڵدانیشیان کۆ کردبووەوە. بیرکردنەوەی ئەوان وای لێ دەکردم دیوارەکانی ژووری تاکەکەسییەکەم بە چاوێکی دیکە ببینم؛ پێش من، دەستگەلێک بەدوای کەلێنێکدا گەڕابوون بۆ گەڕانەوە بۆ ژیان و خەبات.
لەوێ زیاتر تێگەیشتم بۆچی ستەمکار لە زیندانییەک دەترسێت کە هێشتا خەونی هەیە. زنجیر دەست دەبەستێتەوە؛ بەڵام ناتوانێت هیوا لە ناخی مرۆڤ بسرێتەوە. لەو ڕۆژانەوە، ئەم قسەیە لە دڵمدا ماوەتەوە: تا ئیرادە مابێت، دیوار دوا وشە نییە.
ساڵان بەسەرچوو، بەڵام هەر فیلم و ڕۆمان و هەواڵێک دەربارەی شکاندنی زیندان، دەبینم، یان دەخوێنمەوە ویان دەبیستم، ئەندامانی رێکخراوی هەڵۆی سوور دەهێنێتەوە لەبەردەمم. ڕووخسار و قسە و هەڵسوکەوتیان لە یادمدا زیندوو دەبنەوە و دیسان خۆمان لە پاڵ یەکتر دەبینمەوە؛ بە ئیرادەیەکی پۆڵایین، خەبات لە پێناو کورد و کوردستان دەکەین.
ئەمڕۆش، کاتێک کاک نەجمەدین فەقیە عەبدوڵڵا باسی پرۆژەی دۆکیومێنتاری شکاندنی زیندانی مووسڵی بۆ کردم، ئەو یادەوەرییانە لە مێشکم زیندوو بوونەوە. گوێم لە قسەکانی بوو،هاوڕێكانم بیركەوتەوە؛ هەستم دەکرد چیرۆکی ئەوانیش چاوەڕێی دەنگێکە تا لە بێدەنگی دەریبهێنێت.
دوای دەربڕینی دەستخۆشی و پێزانین، وتم:
ـ بۆ هەوڵەکەی هەڵۆی سووریش دەست پێ ناکەن؟
کاک نەجم پێشنیارەکەی پەسەند کرد و وتی:
ـ زۆر باشە؛ بە کاک عەباس عەبدولڕەزاق، برای شەهید سەلام، دەڵێین سیناریۆیەکی بۆ بنووسێت؛ ئێمەش وەک بۆردی هۆشیاری دەست بە کارەکە دەکەین.
بەو قسانە، هەستم کرد دەرگایەک کە ساڵانێکە لە یادمدا داخراوە، کەمێک کرایەوە. ئەوان هەوڵیان دا لە زیندان دەرباز بن؛ ئێستا ئەرکی ئێمەیە چیرۆکەکەیان، بە ناو و ڕووخسار و ڕاستییەوە، بۆ نەوەکانی داهاتوو بگێڕینەوە؛ با بزانن چ ئاواتێکیان هەبوو و چ نرخێکیان لە پێناویدا بەخشی.
من هێشتا لە خەیاڵمدا لەگەڵ جوامێردا دەڕۆم؛ بەڵام ئەم جارە دەمەوێت لەو کۆڵانە بنبەستەوە ڕێگەیەک بکەمەوە بۆ نەوەیەک کە ئەوی نەدیوە. با بیناسن؛ با بزانن هەڵۆی سوور، پێش ئەوەی ناوی ڕێکخراوێک بێت، خەونی مرۆڤگەلێک بوو کە ئازادییان بۆ خۆیان و گەلەکەیان دەویست.