عیماد ئەحمەد 09:55 AM - 2026/10/15


لە سۆشیاڵ میدیاوە سەیری دیمەنەکانی فیستیڤاڵی خورمای خانەقینم دەکرد. چاوم پڕ ئاو بوو، دەمم وشک بوو؛ بەڵام بیر و هۆشم گەشایەوە. لە ناخی خۆمەوە وتم: دنیا هێشتا لە خێردایە؛ خەڵکی شارەکەم هێشتا گوڵ دەکەن و بە ئومێدی ڕۆژێکی ڕووناک دەژین.

من بە سروشتی خۆم شارچیەتی ناکەم، بەڵام شارەکەی خۆمم خۆش دەوێت. خانەقین بەردەوام لە خەیاڵ و بیرمدایە.لە هەر کوێ بم، ئەڵوەن بە ناخمدا تێدەپەڕێت و سێبەری دارەخورماکانم لەگەڵمدایە. هەندێک شوێن لێیان دوور دەکەویتەوە، بەڵام ئەوان  لە ئێمە دوور ناکەونەوە.

ئەو ڕۆژە، لە شاشەی بچووکی مۆبایلەکەمەوە، خانەقینێکی گەورەم بینی؛ شارێک کە خەڵکەکەی بە خۆشییەوە لە دەوری بەرهەمی خاکەکەیان کۆ بووبوونەوە. خورما بە جۆراوجۆر لەبەردەمیان بوو، ئالای کوردستان بەسەر سەریانەوە دەشەکایەوە، جلی کوردی ڕەنگی بە دیمەنەکە دەدا و دەستەکان لە هەڵپەڕکێدا یەکتریان دەگرت.

ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان فیستیڤاڵی جۆراوجۆر ساز دەکرێت. ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیا دەنگ و رەنگیان روماڵ دەکەن و بۆ ماوەیەک جۆش و خرۆش دەخەنە ناو خەڵکەوە. ئەمانە چالاکیی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و فەرهەنگین؛ هەریەکەیان بە جۆرێک خەڵک کۆ دەکاتەوە و دەرگایەک بۆ ناساندنی شار و بەرهەم و دابونەریتی دەکاتەوە.

لە نرخ و بایەخی هیچکامیان کەم ناکەمەوە، بەڵام ئەوەی لە خانەقین بینیم، خۆڕسکییەکەی سەرنجی ڕاکێشام. بەشداریی فراوانی خەڵک و ئەو گەرمییەی لە ڕووخسارەکاندا دەبینرا، دیمەنەکەی دەگمەن کردبوو. بەوەی بۆم گێڕدراوەتەوە، کەسێکی پایەدار یان خاوەن دەسەڵات سپۆنسەری نەکردبوو؛ خەڵک خۆیان بووبوونە خاوەنی ئاهەنگەکە. ئەمەش جوانییەکی تایبەتی پێ بەخشیبوو.

لەو دیمەنانەدا، چاوم لە خورماکان بوو و بیرم لە دارەکان؛ لەو دارەخورمایانەی ساڵانێکە لە خاکی خانەقین ڕەگیان داکوتاوە، گەرما و تینوێتی و ڕۆژە سەختەکانیان بینیوە، کەچی هەر بەرهەمیان داوە. بۆ ئێمە خورما تامی ماڵ و باخ و منداڵییە. لەگەڵ تامەکەیدا، دەستێکمان دێتەوە یاد کە خورمایەکی پێشکەش کردووین، ڕووخسارێکمان دێتەوە بەرچاو کە لە سێبەری دارێکدا لەگەڵمان دانیشتووە.

لە خەیاڵمدا، لە سێبەری دارەخورماکەی ماڵی عەباس غەزاڵ لە جەلەوە دانیشتبووم. حەمید ئەکبەر، هاوڕێی دێرین و ئەندامی ڕێکخراوی «هەڵۆی سوور»، لە تەنیشتم بوو. ڕووی لە ئەڵوەن کرد و وتی:
ـ دەڵێی خانەقین دووبارە گەنج بووەتەوە!

وتم:
ـ خەڵکەکەی هێشتا دڵیان بە شارەکەیانەوەیە؛ ئەمڕۆ خۆشییان پێ بەخشیوە.

خورمایەکی هەڵگرت و وتی:
ـ ئەم تامە چۆن بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بهێڵینەوە؟

وتم:
ـ بەوەی دارەکەی بپارێزین. ئاهەنگەکە تەواو دەبێت، بەڵام دارەخورماکە سبەینێش ئاو و چاودێریی دەوێت.

سەیری دەستەی هەڵپەڕکێکەی کرد و وتی:
ـ خۆزگە ئەم دەستانەی ئەمڕۆ یەکتریان گرتووە، سبەینێش پێکەوە باخەکان بپارێزن.

بۆیە خۆشیی فیستیڤاڵەکە دەبێت بگاتە ناو باخەکانیش. پێویستە دارەخورماکان لە لەناوچوون ڕزگار بکرێن، ئاویان پێ بگات، باخەکان بپارێزرێن و پشتگیریی ئەوانە بکرێت کە چاودێرییان دەکەن. ئەمە ئەرکێکی نیشتیمانی و کوردستانییە. ئەگەر ئەمڕۆ بە خورماکەیان شانازی دەکەین، دەبێت بیر لە سبەینێی دارەکانیش بکەینەوە.

بینینی ئالای کوردستان و جلی کوردی و هەڵپەڕکێ لە خانەقین واتایەکی قووڵی هەیە. لە دەستگرتنی خەڵک و هەنگاوی هەڵپەڕکێکەیاندا، پەیوەندییان بە خاک و ناسنامەیانەوە دەردەکەوت. ئەڵوەن بە ناو ئەم شارەدا دەڕوات و بیرەوەریی نەوەکان لەگەڵ خۆی دەبات؛ خەڵکیش بە زمانی خۆیان، بە جل و ئاواز و خۆشییان، کوردستانیبوونی شارەکەیان دەخەنەوە بەرچاو.

لەو ڕۆژەدا خانەقین خۆی پیشان دا؛ بە خەڵکە ڕەسەنەکەی، بە بەرهەمی خاکەکەی و بە توانای دروستکردنی خۆشییەک کە هەمووان تێیدا بەشدار بن. ستایش و سەرسوڕمانم بەرامبەر ئەو فیستیڤاڵە لەو دیمەنەوە هات؛ دیمەنێک کە ناتوانم حاشای لێ بکەم.
لە هەمووی جێی بایەختر، باری ئاسایشی شارەکە لە ڕۆژانی فیستیڤاڵەکەدا بوو؛ هەموو خانەقینییەکان، کورد و عەرەب و تورکمان، شیعە و سوننە و کاکەیی، ژن و پیاو، گەورە و بچووک، بە خۆشی و برایەتییەوە کۆ بووبوونەوە؛ وەک جۆگەکانی ئاو کە دەڕژێنە ناو ئەڵوەن و دەبن بە یەک ڕووبار.

مۆبایلەکەم دانا، بەڵام دیمەنەکە هەر لەبەر چاوم مایەوە؛ ئەو دەستانەی لە هەڵپەڕکێدا یەکتریان گرتبوو، ئەو ڕووخسارانەی بە خۆشی دەدرەوشانەوە و ئەو خورمایانەی بەرهەمی خاکی شارەکەم بوون.

لە ناخمدا وتم: خانەقین هێشتا خۆی دەنوێنێتەوە. دارەخورماکان هێشتا ڕاوەستاون؛ با خۆشیی ئەمڕۆمان ببێتە هۆی پاراستنیان بۆ سبەینێ.
چەند جارێک سەرۆک مام جەلال ئەم ڕووداوەی گێڕاوەتەوە: عادل جەلال لە14ی ئایاری 1961، لە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم، بوو بە وەزیری کشتوکاڵی عێراق. باوکی، حاجی جەلال، باخداری دەکرد و لەو ڕۆژانەدا دەیویست دەست بگرێت بەسەر چەند باخێکی دەوروبەری باخەکەی خۆیدا.

خاوەن باخەکان و باخەوانەکانی خانەقین، لە بەردەم وەزارەتی بەرگری لە بەغدا، خۆپیشاندانێکیان ساز کرد و هاواریان دەکرد:
«عەبدولکەریم قارەمان، حاجی جەلال خواردەمان!»

ڕەوایە ئێستاش باخەوان و جوتیارەکانی خانەقین بچنە بەردەم ناوچەی سەوز و هاوار بکەن:
«عەلی زەیدی قارەمان، وشکەساڵی خواردەمان!»

پێش ئەوەی قوفڵی ئەم نووسینە بکەم، پڕ بە دڵ سوپاس و پێزانینم بۆ ئەو کەسانەی ئەم فیستیڤاڵە نایاب و جوانەیان ڕێک خستووە. خوا ئەمسالیان زیاد بکات.

وتارەکانی نوسەر